ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)

ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)


دامه‌زراندن


ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)یه‌كه‌م ئاژانسى هه‌واڵه‌كانه له‌عێراق،ودووه‌م ئاژانسه‌ له‌ناوچه‌كه‌ له‌دواى ئاژانسى هه‌واڵى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى میسرى،له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆكى پێشووترى عێراق له‌مانگى ئادارى ساڵى 1959 دامه‌زرا،وه‌ك ئاژانسێكى فه‌رمى هه‌واڵه‌كان ،وژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نووسى عێراقى ڕۆڵیان هه‌بوو له‌دامه‌زراندنى وه‌ك موحسن حسێن وحه‌مید ڕه‌شید وئه‌حمه‌د قه‌تان.


یاساى ژماره‌ 158ى ئاژانسه‌كه‌  له‌ساڵى 1959 ده‌ركرا،وله‌دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌ له‌ڕۆژنامه‌ى فه‌رمى له‌6ى تشرینى یه‌كه‌مى هه‌مان ساڵ،یه‌كه‌م گه‌شتى هه‌واڵى چاپكراو له‌سه‌ر كاغه‌ز په‌خشكرا به‌ناوى ئاژانسه‌كه‌وه‌ ئه‌ویش له‌9ى تشرینى دووه‌مى 1959بوو.


پێش ئه‌م به‌رواره‌ به‌نۆ مانگ وبه‌دیاریكراوى له‌ڕۆژانى یه‌كه‌مى مانگى ئادارى 1959 هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووس موحسن حسێن وحه‌مید ڕه‌شید كه‌له‌ڕۆژنامه‌ى (بیلاد) كاریان ده‌كرد بانگهێشتكران بۆ دیدارى (سه‌لیم فه‌خرى)به‌ڕێوبه‌رى ئێزگه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌،وئاگاداركرانه‌وه‌ كه‌حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ به‌دامه‌زراندنى ئاژانسێكى فه‌رمى  هه‌واڵه‌كان هاوشێوه‌ى ئاژانسى هه‌واڵى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى میسرى(أ.ش.أ)،وهه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراون بۆ دروستكردنى بنچینه‌ى ئه‌م ئاژانسه‌ وبه‌شێك ده‌بێت له‌ئێزگه‌كه‌ تا ته‌واوكردنى ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌ پێویسته‌كان بۆ دامه‌زراندنى ئاژانسه‌كه‌ .


ئاژانسه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربوو له‌ژوورێك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ لایه‌نى ڕاسته‌وه‌ له‌ده‌روازه‌ى ئێزگه‌كه‌ له‌ناوچه‌ى ساڵحییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى به‌غدا،به‌ناوى(نوسینگه‌ى په‌یوه‌ندى)،سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى به‌شێوه‌ى‌ گه‌شتى ڕۆژانه‌ بوو له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت وڕێكخراوه‌كان له‌ڕێگاى كۆكردنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كان وهێنانه‌وه‌ى له‌كاتى نیوه‌ڕوان بۆ هه‌واڵسازى وچاپكردن وكۆپیكردنى ویه‌ك كۆپی ده‌درایه‌ بێژه‌ره‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ى وئه‌وانه‌ى تر ده‌درایه‌‌ ڕۆژنامه‌ لۆكاڵییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕۆژانى دواتر بڵاوبكرێنه‌وه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانى وه‌زاره‌ت ولێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانى وه‌زیره‌كان ده‌هاته‌ نوسینگه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌شته‌كان زیاد بكرێت،هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یه‌ندراوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ودیداره‌كانى گه‌وره‌ به‌رپرسانیش،وماوه‌ى نۆ مانگ گه‌شته‌كانى نوسینگه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ڕێك وپێكى به‌رده‌وام بوو.


له‌شه‌شى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 1959 یاساى ئاژانسه‌كه‌ وڕێساكه‌ى له‌ڕۆژنامه‌ى فه‌رمى بڵاوكرایه‌وه‌،و(ئه‌حمه‌د قه‌تان)وه‌ك یه‌كه‌م به‌ڕێوبه‌رى گشتى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) ده‌ستنیشانكرا، هه‌روه‌ها (دكتۆر فه‌یسه‌ڵ سامر) وه‌زیرى ئیرشاد (ڕاگه‌یاندن)ئه‌ركێكى  گه‌وره‌ى گێڕا له‌دامه‌زراندنى ئاژانسه‌كه‌ وده‌ركردنى یاساكه‌ى.




گۆڕانكارى گه‌وره‌


له‌و سه‌رده‌مه‌ بڕیارێك له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ركرا كه‌به‌یه‌كێك له‌بڕیاره‌ مه‌ترسیداره‌‌كانى تایبه‌ت به‌ڕاگه‌یاندنى عێراقى هه‌ژمار ده‌كرێت،ئه‌ویش بڕیارى به‌ناوه‌ندى كردنى هه‌واڵه‌كان،واتا سه‌رجه‌م هه‌واڵه‌كان له‌هه‌ر سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه‌ بێت سنووردار ده‌بێت به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى،بۆیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره‌ سێ به‌شى ئێزگه‌كه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ ئاژانسه‌كه‌ به‌هه‌موو كارمه‌نده‌كان له‌فه‌رمانبه‌ران وكرێكار وكه‌سانى تر،وئه‌و به‌شانه‌ى بریتیین بوون له‌ نوسینگه‌ى په‌یوه‌ندیكردن وبه‌شى هه‌واڵى ده‌ره‌كى وبه‌شى گوێبستن.


سه‌باره‌ت به‌ڕۆژنامه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بڕیاره‌كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ریان هه‌بوو ،چونكه‌ ڕۆژنامه‌ تایبه‌ته‌كان قازانج وكه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان به‌لایانه‌وه‌ گرنگ بوو،وكاتێك ئاژانسه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربوو ،ڕۆژنامه‌كان هه‌واڵى بێبه‌رامبه‌ریان به‌ده‌ست گه‌یشت بۆیه‌ رۆژنامه‌كان پێویستییان به‌بریكارى زیاتر نه‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌پێش دروستبوونى ئاژانسه‌كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرا،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌واڵه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان له‌ئاژانسه‌كانه‌وه‌ هه‌واڵى فه‌رمى بوون وپێویستییان به‌مۆڵه‌تى چاودێرى نه‌بوو بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ،به‌مه‌یش خاوه‌ن ڕۆژنامه‌كان ده‌رباز بوون له‌وردبینیكردن كه‌له‌ سه‌رده‌مى چاودێرییه‌وه‌ به‌ده‌ستێوه‌ ده‌ناڵاند،بۆیه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ته‌نها پشت به‌ هه‌واڵه‌كانى ئاژانسه‌كه‌ ده‌به‌سترا وهیچ ڕكابه‌رییه‌ك له‌نێوان ڕۆژنامه‌كان نه‌ما له‌سه‌ر هه‌واڵى تایبه‌ت به‌م ڕۆژنامه‌ یاخود ئه‌و چاپه‌مه‌نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ڕكابه‌رییه‌ك نه‌ما له‌نێوان بریكارى ڕۆژنامه‌كان وهاندانیان بۆ پیشه‌یى ڕۆژنامه‌گه‌رى یان بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى تایبه‌ت كه‌ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ له‌و ڕۆژنامه‌كه‌ى تر جیاده‌كاته‌وه‌،وبۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكیش به‌رده‌وام بوو وته‌نها ئه‌م هۆكاره‌ وایكرد ڕۆژنامه‌كان یه‌ك كۆپى بن وله‌ڕووى داڕشتن وهه‌واڵه‌كان لێكچوونى زۆرى هه‌بوو.






ئاسته‌نگییه‌كان

ئاژانسه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى توشى گرفتی دیاریكردنى ڕۆژنامه‌نوسانه‌كان بوو كه‌وه‌ك بریكار وهه‌واڵساز كاربكه‌ن،بۆیه‌ دوو بژارده‌ له‌به‌رده‌میان بوو،یان دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ر له‌ناوه‌ندى ڕۆژنامه‌نووسى یان دامه‌زراندنى لاوى نوێی تازه‌ مه‌شقپێكراو،بۆیه‌ سه‌رئه‌نجام له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنى بژارده‌ى دووه‌م ڕێككه‌وتن تاوه‌كو ئاژانسه‌كه‌ تووشى هیچ كێشه‌یه‌كى رۆژنامه‌گه‌رى باوى ئه‌و ‌سه‌رده‌مه‌ نه‌بێت،ئه‌مه‌یش زۆر پێویست بوو له‌پێناو چه‌سپاندنى نه‌رێتى كارى رۆژنامه‌گه‌رى دروست ونوێگه‌رى له‌نێوان كارمه‌ندانى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى له‌برى داب ونه‌رێتى كاره‌كانى ڕابردوو كه‌له‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ناوه‌نده‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كان باووبڵاو بوو.


له‌ڕوویشه‌وه‌ كارگێڕى ئاژانسه‌كه‌ زۆر ورد بوو له‌ڕه‌چاوكردنى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى پیشه‌یی له‌كاتى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ران بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى داواكارییان پێشكه‌شكرد ملكه‌چى دیده‌وان وتاقیكردنه‌وه‌ى زمانى عه‌ره‌بى وده‌ستنووسى ڕۆژنامه‌گه‌رى وپه‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان ده‌بوونه‌وه‌.


كارى ئاژانسه‌كه‌ پێشكه‌وتنى به‌خۆیه‌وه‌ بینى ونوێترین ئامێرى پێدرا وژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیار وكارمه‌ندى هونه‌رى تیایدا ده‌مه‌زرا وهه‌ندێكیان به‌رده‌وام بوون له‌كاركردن له‌ئاژانسه‌كه‌ تاوه‌كو داخستنى به‌بڕیارێكى فه‌رمانڕه‌واى ئه‌مریكى له‌دواى ڕووخاندنى رژێمى دیكتاتۆرى له‌ساڵى 2003.


سه‌باره‌ت به‌به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانى كه‌ئه‌ركى به‌ڕێوه‌بردنى ئاژانسه‌كه‌یان گرته‌ ئه‌ستۆ به‌پێى زنجیره‌ى كاته‌كان بریتی بوون له‌: ئه‌حمه‌د قه‌تان، شازل تاقه‌، عه‌مید یه‌حیا خه‌تیب، عه‌مید دوره‌ید ده‌مه‌لوچى، ئه‌حمه‌د فه‌وزى عه‌بدولجه‌بار، مه‌دحه‌ت جادر، عامر سامه‌ڕایی، به‌هجه‌ت شاكر، ته‌ها به‌سڕى، موناف یاسین ، ته‌ها به‌سڕى بۆ جارى دووه‌م ، حسێن سامه‌ڕایی به‌وه‌كاله‌ت، سه‌عه‌د به‌زاز، عه‌دنان جبورى، عوده‌ى تائى، ئه‌حمه‌د سه‌كران، ودوایین به‌ڕێوبه‌ره‌كان“ئه‌حمه‌د نه‌عیم تائى”، ئه‌حمه‌د عوبه‌یدى، سه‌تار عه‌رداوى ،كه‌ئه‌ركى به‌ڕێوبردنى ئاژانسه‌كه‌ى گرته‌ ئه‌ستۆ له‌دواى دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى له‌ساڵى 2017.




لۆگۆى(اه‌ع) كه‌به‌زمانى عه‌ره‌بى(واع)ه‌

گه‌شتى یه‌كه‌مى ڕۆژنامه‌گه‌رى كه‌له‌ساڵى 1959 بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ناوى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى به‌لۆگۆى(اه‌ع)نه‌بوو،چونكه‌ ئاژانسێكى به‌ریتانى هه‌بوو به‌ناوى ئاژانسى هه‌واڵى عه‌ره‌بى هه‌واڵه‌كانى به‌لۆگۆى(اه‌ع)بڵاوده‌كرده‌وه‌،كه‌بۆ ڕۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كانى سه‌رده‌مى په‌نجاكان ده‌گه‌رێته‌وه‌،وهه‌واڵه‌كانى به‌لۆگۆى(اه‌ع)بوو، ئه‌م ئاژانسه‌ یه‌كێك بوو له‌به‌شه‌كانى ئاژانسى هه‌واڵى(روێته‌رز)ى به‌ریتانى هاوشێوه‌ى ئێزگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى خواروو،كه‌به‌رنامه‌كانى له‌نیقۆسیا په‌خش ده‌كرد وبه‌شێك بوو له‌ده‌سته‌ى ئێزگه‌ى به‌ریتانى .


له‌ساڵى 1959 تاوه‌كو ساڵى 1963 په‌یوه‌ندییه‌ك دروستكرا له‌گه‌ڵ ئاژانسى به‌ریتانى له‌باره‌ى مافى عێراق به‌م لۆگۆیه‌ ،وچه‌ندین دیدار له‌گه‌ڵ(تۆم لتڵ)به‌رێوبه‌رى گشتى ئاژانسه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ كرا كه‌به‌ریتانى بوو وزمانى عه‌ره‌بى به‌ته‌واوه‌تى ده‌زانى له‌پێناو ڕازى كردنى تاوه‌كو ده‌ستبه‌ردارى ئه‌م لۆگۆیه‌ بێت.


له‌كۆتاییه‌كانى ساڵى 1963 له‌و كاته‌(شازل تاقه‌)به‌رێوبه‌رى گشتى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى بوو خه‌ونى(اه‌ع)هاته‌ دى،كاتێك(تۆم لتڵ)سه‌ردانى به‌غداى كرد وله‌باره‌گاى ئاژانسه‌كه‌ له‌ساڵحییه‌ وله‌ئوتێلى ئه‌مباسدوور كه‌ده‌كه‌وێته‌ شه‌قامى ئه‌بى نوئاس دانوستانى له‌گه‌ڵ كرا ،وله‌وێوه‌ “تۆم لتڵ”ئاماده‌یی ئاژانسه‌كه‌ى ده‌ڕبڕى ده‌ستبه‌ردارى لۆگۆى(اه‌ع)بێت ،وئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئاژانسه‌كه‌ى ناوه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ئاژانسى هه‌واڵى عه‌ره‌بى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى هه‌رێمایه‌تى.


بۆیه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ لۆگۆیه‌كى به‌كارهێنا كه‌ئه‌ویش(هه‌رێمایه‌تى)له‌برى (اه‌ع) بۆیه‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى ده‌ستبه‌جێ لۆگۆى(واع)یان به‌زمانى كوردى(اه‌ع)له‌سه‌ره‌تاى هه‌واڵه‌كانى به‌كارهێنا.