بەغداد-ا ه ع
حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەگەڵ فاتیح یەڵدز باڵیۆزی توركیا تاوتوێی بەردانەوەی ئاوی زیاتری كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوێری ئاو لە باشوری عێراق.
لەبەیاننامەیەكدا كە لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەرچووە و وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە هاتووە، جەنابی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی چاوی كەوتووە بە باڵیۆزی توركیا لەبەغداد و لەدیدارێكدا باسی ڕەوشی بەسڕە و ڕێكارەكانی وەزارەت و ئەو بەرپرسیاریەتیە كراوە كە دەكەوێتە سەر شانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارێزگاكە و دابینكردنی ئاوی پێویست و كەمكردنەوەی سوێری ئاو.
هەر لەوبەیاننامەیەدا هاتووە هاوكاری نێوان هەردوو وڵات تاوتوێكراوە لە بوارەكانی ئاو و ئاودێری و بەرەوپێشبردنی تواناكان و پسپۆریەكانی وەزارەت و كردنەوەی خولی ڕاهێنان لەسەر نوێترین تەكنیكی پێشكەوتوی كەرتی ئاودێری.