بەغداد - ا ه ع
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ یەك شەممە، نیگەرانی خۆی بەرامبەر ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی پیشاندا كەباس لە پێدانی موشەكی بالستیكی دەكات لەلایەن ئێرانەوە بەچەند لایەنێكی عێراقی.
لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە(ا ه ع) كەوتووە، هاتووە ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ڕایگەیاند: پێویست ناكات عێراق وەڵامی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی بداتەوە كە هیچ بەڵگەیەكی ڕاستەقینەی نییە.
مەحجوب وتیشی" هەموو دەزگاكانی دەوڵەتی عێراق پابەندن بە مادەی حەوتی دەستوری عێراق كە باس لەوە دەكات نابێت خاكی عێراق بۆ هیچ بنگە و مۆڵگەیەك لەدژی هیچ وڵاتێكی تر بەكار بهێنرێت.