بەغداد – ا ه ع
د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومێكی كۆماری دەركرد و رۆژی 3ی ئەیلولی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام دیاریكرد.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لەبارەی یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: رۆژی 20ی ئابی 2018 دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی پەسەند كرد، بەپشت بەستن بەماددەكانی 54 و 34ی دەستوریش، سەرۆك كۆمار بەمەرسومی كۆماری بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەماوەی 15 رۆژدا لەكاتی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوەو كۆبوونەوەكەش بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی.
هەر لە مەرسومەكەدا هاتووە سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسییەكان ژمارەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت و سەرۆك و جێگیرانی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵببژێردرێن و دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكرێتەوە تا پاڵێوراوی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پیكهێنانی حكومەت رابسپێرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە: لەبەرژەوەندی گشتی و جێبەجێكردنی دەستور، سەرۆك كۆمار مەرسمی كۆماری ژمارە 62ی ساڵی 2018ی دەركردوە بۆ بانگهێشتكردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تا رۆژی 3ی ئەیلولی 2018 بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدات.