وەزارەتی كارەبا: كارێكی تێكدەرانە هێڵێكی گواستنەوەی وزەی پەستانی بەرز كەركوك - دیالەی كردە ئامانج و پێدانی وزەی كارەبای بۆ سێ پارێزگا پەكخست

ئەمنی
  • 11-08-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغدا - ا ه ع
    وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند هێڵێكی گواستنەوەی وزەی كارەبای پەستانی بەرز كەركوك - دیالە ڕووبەڕوی كارێكی تێكدەرانەی تیرۆرستی بۆتەوە كە بۆتە هۆی پچڕانی كارەبای پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و صەڵاحەدین.
    لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە(ا ه ع) كەوتووە، هاتووە كارێكی تێكدەرانەی تیرۆرستی هێڵێكی گواستنەوەی وزەی كارەبای پەستانی بەرز كەركوك - دیالە 400 ك ڤ كردۆتە ئامانج و لەڕێگەی گولەوە هێڵەكە لەكارخراوە و بۆتە هۆی پچڕانی وزەی كارەبا لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك جیاواز لەو هێڵەی كە لە هەرێمەوە وزەی كارەبا بەو پارێزگایانە دەدرێت.
    هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە كارمەندانی كۆمپانیای گشتی گواستنەوەی وزەی كارەبا لەناوچەی باكوور چونەتە شوێنی ڕوداوەكە و ڕۆژی شەممە لەڕووی ئەمنیەوە ئامادەكاری دەكرێت بۆ پاراستنی ناوچەكە بۆ ئەوەی كاری نۆژەنكردنەوە و چاككردن بۆ هێڵەكە بكرێت.