بەغدا – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران ئەمرۆ پێنج شەممە لەگەڵ بەرێوەبەری كۆمپانیای "جەنەراڵ ئەلیكتریك" تاوتوێی دابینكردنی كارەبای بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ هاوڵاتیان كرد. لەوبارەیەوە نوسینگەی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە دانەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقیە (ا ه ع) كەوتوە هاتووە، عەبادی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە سەرۆكی كۆمپانیای "جەنەراڵ ئەلیكتریك" كرد، لە میانی دیدارەكەدا ئەو پرۆژانە خرانە روو كە كۆمپانیاكە جێبەجێی كردون لەگەڵ ئەو پرۆژانەش كە كاركردن تێیاندا بەردەوامە بە مەبەستی لابردنی بەربەستەكانی ئەنجامدانیان بە شێوەیەكی تەواوەتی، لەگەڵ تاقیكردنەوە جیهانیەكان بەمەبەستی بەرگرتن لەبەهەدەردانی كارەبا و پلانەكان بۆ دەستەبەركردنی كارەبا بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ هاوڵاتیان. هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، گفتوگۆكراوە سەبارەت بەو رێگایانەی كە كۆمپانیای "جەنەراڵ ئەلیكتریك" دەتوانێت بەشداریبكات لە بەروپێشبردنی ژێرخانی كەرتی كارەبا و لێكۆڵینەوە لە دەرفەتەكانی چۆنێتی بوژاندنەوەی لە داهاتوودا. بەپێی ئەو بەیاننامەیەش ستوكس پیرۆزبایی لەسەركەوتنەكانی عێراق كردووە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا و ئازادكردنی تەواوی خاكی عێراق، پابەندبوونی كۆمپانیاكەشی دوپاتكردوەتەوە بۆ پشتیوانیكردنی عێراق لە رێرەوی بوژاندنەوەی نیشتمانیدا.