بەغداد – ا ه ع دكتۆر ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتلافی نیشتمانی داوای لەسەرجەم هێزە سیاسیەكان كرد هەڵگری بەرنامەی چاكسازی بن لەپێناو باشكردنی بارودۆخ و دەستەبەركردنی ژێرخانی پرۆسەی سیاسی. دكتۆر ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوسینگەكەیەوە دەركراوە و وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە، ڕایگەیاند:" پێویستە ئێستا كاركردن و بیركردنەوە چڕبكرێتەوە بۆ پشتیوانیكردن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئامادەكاری بۆ حكومەتی رزگاری نیشتمانی و هەڵبژاردنی داهاتوو كە بەدوربێت لە دەستوەردان و كێبركێ". وتیشی "هەمووان ئەمرۆ داوای دەستبەرداربوون لە تایفی سیاسی و عەشایری دەكەن و خوازیاری ئارامی و كاركردنن بە هەستی بەرپرسیارانە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی، و كاركردن لەسەر ئاسایی كردنەوەی بارودۆخ و بەدیهێنانی ئەمن و ئاسایش و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف لە كاتێكی گونجاودا، پێش ئەوەی دەرفەتەكە لەدەستبچێت.