بەغدا – ا ه ع باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا ستایشی گیانفیدایی هێزە ئەمنیەكانی عێراقی كرد لە روبەروبوونەوەی تیرۆریستان و سەرسامبوونی خۆشی بەو هەستە نیشتمانپەروەرییە پیشاندا كە سەركەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێنا. لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی سێیەمی نێودەوڵەتی كە بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر لە بەغدا بەرێوەچوو، باڵیۆزی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رایگەیاند: ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بەردەوامدەبن لە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنیەكان و هەوڵەكان بۆ دەستەبەركردنی ئەمن و ئاسایش و بوژانەوەی ئابوری بۆ دڵنیابوون كە لەمەودوا نە داعش نە هەر هێزێكی تری هاوشێوەی ناتوانن ببنە مایەی مەترسی بۆ سەر عێراقیەكان. وتیشی ئەمریكا پابەندە بە هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان و باشكردنی ئاستی بژێوییان لەرێی دەستەبەركردنی وەبەرهێنانی بیانی، هاوكات پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە هەوڵەكانی بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی دوپاتكردەوە لەگەڵ كردنەوەی وڵات بە رووی وەبەرهێنەكان تا هاوكاری وڵات بكەن و دەرفەتی كار بۆ هاوڵاتیان برەخسێنن.