بەغداد – ا ه ع دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەیزران تەئكیدیكردەوە، داواكاری هاوڵاتیان ڕەوایە و حكومەتیش گوێبیستیان بووە و رێوشوێنی پێویستی بۆ جێبەجێكردنیان گرتوەتەبەر. عەبادی لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ كەسایەتی و دانیشتوانی پارێزگای دیوانیە كە لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكان ئامادەی بوو و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرس لە خۆدەگرێت، ئاماژەی بەوەكرد:" لاوان هیوای كۆمەڵگەن و ئەوان سەرچاوەی هێزن، حكومەتیش بەهەموو توانایەوە كاردەكات تا دەرفەتی كار بۆ بێكاران بدۆزێتەوە لەرێ كاراكردنی كەرتی تایبەتەوە". عەبادی تەئكیدیشیكردەوە "گوبیستی داواكاری هاوڵاتیان دەبێت و خۆپیشاندانی ئاشتیانەش مافی خۆیانە و لایەنی ئیجابی هەیە، هێزە ئەمنیەكانیشی ڕاسپاردووە هێز لەدژی خۆپیشاندەران بەكار نەهێنن"، رونیشیكردەوە "بوونی هێزە ئەمنیەكان بۆ پارێزگاریكردنە لە هاوڵاتیان و رێگە بە هیچ ناكۆكیەك لەنێوان هێزە ئەمنیەكان و هاوڵاتیاندا نادەن". عەبادی وتیشی "لە %99 خۆپیشاندەران ئاشتیخوازن و بێ كێشەن، بەڵام هەندێ كەس دەیەوێت وەرەقەكان تێكەڵبكات و حەز بە بوونی دەوڵەتێكی بەهێز ناكات"، تەئكیدیشدەكاتەوە "بنیاتنانی دەوڵەت پێویستی بە یەكێتی و وەستانەوە بەڕووی گەندەڵكاران هەیە".