بەغدا – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران رایگەیاند عێراق خاكەكەی لە تیرۆریستان پاككردەوە، لە ئێستادا رووی لە ئاوەدانكردنەوە و گرنگیدان بە ژینگە كردوە دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە بۆ ماوەیەكی زۆر پێشتگوێ خرابوو. عەبادی لە وتەیەكیدا لە پەراوێزی كۆنگرەی ژینگە لە پاریس رایگەیاند "گرنگترین هۆكارەكانی هاتنی تیرۆر بۆ عێراق گەندەڵی بوو"، تەئكیدیشیكردەوە " ئەگەر گەندەڵی بەردەوامبێت ناتوانرێت ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ وڵات بگەرێتەوە". سەرۆك وەزیران وتیشی " عێراق نمونەی چیرۆكی ریشەكێشكردنی تیرۆرە، پێویستە لەسەریشمان پارێزگاری لەو دەستكەوتانە و یەكێتی خاكی عێراق بكەین " ، رۆشناییشی خستە سەر ئەوەی كە " عێراقیەكان یەكسانن لە ماف و ئەركدا و جیاوازی لە نێوان ئایین و نەتەوەدا ناكرێت" ئەوەش گرنگترن پەیامە كە لەعێراقدا پەیرەومان كردووە. هەر لەو وتەیەیدا عەبادی پێشمەرگەی بە بەشێك لە هێزە ئەمنیەكان لەقەڵەمدا و رایگەیاند " پێشمەرگە شان بەشانی سوپای عێراق و هێزەكانی تر جەنگان لەپێناو رزگاركردنی موسڵ، هەندێكیش هەبوون هەوڵیاندا جیاوازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبكەن لە رێی ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەرنگاربوونەوەی سوپا، بەڵام ئێمە وتمان پێشمەرگە بەشێكە لە عێراقیەكان و پێویستە هاوكاری بكرێن.