ئاژانسەکان وەرگێڕانی/ صباح کوردستان سەدام عومەر حوسێن ئەلجەمەل کە تەمەنی (٤٠) ساڵانە و هەڵگری رەگەزنامەی سوری هەیە، لەدانپێدادانەکانیدا لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی تایبەت بەچاوخشاندنەوە بەپرسەکانی داعش، چۆنیەتی پەیوەندیکردن و ئینتیمای بۆ داعش دەگێڕێتەوە، هەروەها باس لە چۆنیەتی دامەزراندنی وەك فەرماندەی بەرەی رۆژهەڵاتی ئەو هێزەی کە بە"سوپای ئازاد" ناسراوە دەکات، چ کارە بووە و چۆن هەموو گروپە چەکدارییەکان لێیدەترسان؟ ئەلجەمەل دەڵێت " لە شاری ئەلبوکەمالی سوریدا نیشتەجێ بووم و کاری قاچاغچێتی جگەرەم دەکرد لەنێوان عێراق و سوریادا، و بەو هۆیەشەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٨ تا ٢٠١٠ پارەیەکی زۆرم کۆکردەوە و لە قۆناغی ناوەندیدا دەستبەرداری خوێندن بووم". تیرۆریست سەدام ئەلجەمەل دوای بەسەربردنی ماوەیەکی زۆر لەنێو جیهانی تیرۆر و تاوانکاریی و پەیوەندیکردن بەدڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانیدا لەبەردەم دادگاکانی عێراقیدا داندەنێت بە چەندین زانیاری مەترسیدار. ئەلجەمەل کە بە "ئەبو روقیەی ئەنساری"ناسراوە یەکێك بووە لە سەرکردەکانی ریزی پێشەوەی رێکخراوی داعش، و لەچەندین گرتەی ڤیدیۆیی رێکخراوەکەدا دەرکەوتووە خەڵکی بێتاوان دەکوژێت، بەپێی ئاژانس و هەواڵەکان ناوبراو بڕیاری سوتاندنی فڕۆکەوانی ئوردنی مەعاز کەساسبەی داوە و جێبەجێیکردووە، ئەنساری لە شاری ئەلبوکەمالی سوریادا سەرکردایەتی گروپە چەکدارییە سەرەتاکانی کردووە، پاشان پەیوەندیکردووە بەو هێزەی کە بە"سوپای ئازاد" ناسراوە و بووە بە فەرماندەی بەرەی رۆژهەڵات لە دەستەی ئەڕکانی سوپای ئازاد، بەر لەوەی دواجار لەنێو رێکخراوی داعشدا ببێت بە ناوێکی گرنگ، و بەرپرسیاریەتێکی گەورەی ئەمنی لە "ویلایەتی فورات" پێڕادەسپێردرێت. ئەلجەمەل چەندین نهێنی بۆ دەسەڵاتی دادوەری عێراقی ئاشکرا کردووە، دەربارەی ئاڵۆزی و ئەو دابەشبوونانەی کە بینیویەتی، هەروها ناکۆکییەکانی رێکخراوی داعش لەگەڵ بەرەی نوسرە و سەرچاوەکانی پارەدارکردن و کێ کاروبارەکەی بەڕێوەدەبرد، هەروەها باسی دیداری خۆی دەکات لە سوریا لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردی رێکخراوەکەیان، کە دیارییەکی لێوەرگرتووە. پەیوەندیکردن و ئینتیمای بۆ گروپە چەکدارەکان سەدام عومەر حوسێن ئەلجەمەل کە تەمەنی (٤٠) ساڵانە و هەڵگری رەگەزنامەی سوری هەیە، لەدانپێدادانەکانیدا لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی تایبەت بەچاوخشاندنەوە بەپرسەکانی داعش، چۆنیەتی پەیوەندیکردن و ئینتیمای بۆ داعش دەگێڕێتەوە، هەروەها باس لە چۆنیەتی دامەزراندنی وەك فەرماندەی بەرەی رۆژهەڵاتی ئەو هێزەی کە بە"سوپای ئازاد" ناسراوە دەکات، چ کارە بووە و چۆن هەموو گروپە چەکدارییەکان لێیدەترسان؟ ئەلجەمەل دەڵێت " لە شاری ئەلبوکەمالی سوریدا نیشتەجێ بووم و کاری قاچاغچێتی جگەرەم دەکرد لەنێوان عێراق و سوریادا، و بەو هۆیەشەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٨ تا ٢٠١٠ پارەیەکی زۆرم کۆکردەوە و لە قۆناغی ناوەندیدا دەستبەرداری خوێندن بووم". روونیشدەکاتەوە کە "لەکاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی سوریادا دژی رژێم بەشداریمکردووە تا فەرمانی دەستگیرکردنمان دەرچووە و زیاتر لە جارێك دەستگیرکراوم، و دواجار پەنام بردۆتە بەر کاری چەکداری و کەتیبەی (اللە اکبر)م دامەزراند کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەی قۆرییی سوریدا راگەیەنرا". ئەبو روقیەی ئەنساری باس لەوەش دەکات کە "لەم کاتەدا چەندین کەتیبەی دیکە دامەزران تا لیوای اللە اکبر لە ئەلبوکەمال دامەزرا و چەندین کردەوەی سەربازیمان دژی رژێمی سوریا ئەنجامدا و توانیمان بەتەواوەتی دەستبگرین بەسەر ئەلبو کەمال". "دواتر لەرێگەی کەسێکەوە پێمڕاگەیەنرا پێویستە بڕۆمە یەکێك لە وڵاتانی دراوسێی سوریا بۆ بینینی چەند کەسایەتییەك و بەکردار و بەقاچاغ چوومە ئەو وڵاتە و بۆ ماوەی دوو رۆژ مامەوە و لە کۆبونەوەیەکدا ئامادەبووم کە ٦٠٠ فەرماندەی کەتیبە و لیوای لەخۆگرتبوو، و لەوکاتەشدا دەستەی ئەڕکانی سوپای ئازاد دامەزرا" ئەو تیرۆریستە دەڵێت "وەك فەرماندەی بەرەی رۆژهەڵات و ئەندامی دەستەی ئەڕکانی سوپای ئازاد دامەزرام و پێش ئەوەش فەرماندە بووم بۆ دامەزراندنی نەوەکانی رەسول کە پێکهاتەیەکی چەکداری بوو چەندین کەتیبە و لیوای لەخۆگرتبوو". ناکۆکییەکانی نوسرە و داعش دەربارەی دەرکەوتنی بەرەی نوسرە لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودابوون، ئەبو روقیە دەڵێت "یەکەم دەرکەوتنی بەرەی نوسرە بەر لەجیابوونەوەی لە رێکخراوی داعش لە ناوچەیەکی دیاریکراوی حەسەکە و دێر زور بوو، کە لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی دەکرا بەناوی ئەبو ماریای هیرار و ژمارەیەك سەرکردەی لەگەلدا بوون و لەوکاتەشدا ئەبو محەمەدی جۆلانی ئەمیری شامی بەرەی نوسرە بوو". هێماش بۆ ئەوە دەکات کە " بەرەی نوسرە خەریك بوو بەنهێنی لە ئەلبوکەمال چاڵاکی بکات کە لە ژێر دەستی مندا بوو، سەرجەم پێکهات و گروپە چەکدارییەکانی ئەو ناوچەیە لەمن دەترسان، کە تێیدا هەواداری زۆرم هەبوو، تەنانەت کاتێك دادگای شەرعیان دامەزراند من دواتر دامخست". ناوبراو دیارترین ناکۆکییەکانی رووندەکاتەوە کە بوونەتە هۆی جیابوونەوەی بەرەی نوسرە لە داعش و دەلێت " هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی جۆلانی بووە کە بووە بە ناوێکی گەورە و زانیویەتی پلانێك هەیە بۆ کوشتنی لەلایەن رێکخراوی داعش و جەماوەرێکی گەورەی هەبووە و هێز و چەکی بەدەستەوە بووە، خەلیفە بەغدادی قورسایی نەبوو چونکە لە عێراق بوو، سەرکردەکانی خۆی لە عێراقەوە ناردە شام". سەرکردەکانیش بریتی بوون لە "ئەبو عەلی ئەنباڕی و عەبدولناسر ئەبو ئوسامە ئەلعیراقی و حەجی بەکر و بیلاوی، کە سەردانەکەیان ئەنجامداوە بۆ رازیکردنی جۆلانی تاکو سەردانی خەلیفەکەیان بکات، بەڵام لای خۆیەوە ئەو رەتیکردەوە، سەرەتاش جیابوونەوەکە بەنهێنی بوو تا دواتر بوو بە ئاشکرا". بەئامانجگیرانی لەلایەن بەرەی نوسرەوە ئەنساری دەڵێت "بەرەی نوسرە وایلێهات چاڵاك دەبوو چەند ناوچەیەکی کەوتەدەست و کاریان دەکرد بۆئەوەی من بکوژن چونکە نفوز و هەژموونی خۆم هەبوو هەروەها چەکم هەبوو خەڵکێکی زۆر دوامکەوتبوو، تەنانەت رێکخراوی داعشیش منی بەئامانج گرتبوو". تیشکیشی خستەسەر ئەوەی کە "بەرەی نوسرە زیاتر لە جارێك ئەوی بەئامانج گرتووە لەرێگەی خۆکوژانەوە و توانیویانە دوو لە براکانم بکوژن و یەکێکیشیان بڕفێنن و خانوەکەیان تەقاندوومەتەوە، و منیش کەسوکار و خێزانەکەم ناردە دەرەوەی ئەلبوکەمال و شەڕم لەدژی بەرەی نوسرە راگەیاند". پەیوەندیکردنی بەداعش دەربارەی چیرۆکی پەیوەندیکردن و ئینتیماکردنی بۆ داعش، دەلێت "داوام لەیەکێك لە خزمەکانم کرد لەگەڵ سەرکردەکانی داعش کۆمانبکاتەوە، ئەو کە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ ئەواندا هەبوو، دواتر بەکردار رێککەوت چاوم کەوت بە (عامر رەفدان) کە پۆستەکەی والی بوو". وتیشی "من لەبەردەم والیدا بەیعەتی خۆم دا بە ئەبو بەکری بەغدادی و بووم بە یەکێك کە ئەندامانی رێکخراوی داعش" ئەلجەمەل باس لەوە دەکات کە "بەرەی نوسرە هێرشێکی فراوانی کردە سەر رێکخراوی داعش، بەبەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆری گروپە چەکدارییەکان و توانیان ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش بکوژن و دەستبگرن بەسەر ناوچەیەکی فراوانی ژێر دەستی داعش، تا پاشەکشەی کرد و لە چەندین ناوچەدا ژمارەیەکی زۆری ئەو موهاجیرانەی کوشت کە پشتگیری رێکخراوی داعشیان دەکرد" کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و ئەنباڕ دەربارەی چۆنیەتی هاتنی رێکخراوەکە بۆ عێراق و راگەیاندنی کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و ئەنباڕ و ئەمە چۆن هاوکار بووە لە دووبارە گەڕاندنەوەی هێزەکەی، ناوبراو دەڵێت "داعش ئەندامەکانی خۆی ئامادەکرد بۆ هێرشکردنە سەر موسڵ و لەدوای هاتنە ناو شارەکە و کۆنتڕۆڵکردنیدا هێزی پەیدا کرد و دواتر ئەنباڕی کۆنتڕۆڵکرد، و پاشان لە سوریاش رووە و بەرفراوان بوون هەنگاوی نا". ئاماژەش دەدات بەوەی کە "رێکخراوەکە بە کەتیبەیەکی چیچانی بەهێز ببوو، کە لەلایەن عومەر چیچانیەوە سەرکردایەتی دەکرا و زۆربەی شەڕە سەختەکانی عێراق و سوریای ئەنجامداوە". جەختیشدەکاتە سەر ئەوەی "عێراق سەبارەت بە رێکخراوی داعش گرنگییەکی زۆری هەیە، زیاتر لە سوریا، بەو پێێەی سەنتەری قورساییەکەیەتی و زۆربەی سەرکردەکانیشی لەوێن، بێجگە لە چوونی ئەبوبەکر بەغدادی بۆ موسڵ" ئەبو روقیە باس لەوەش دەکات بەغدادی بینیوە و دەڵێت "جارێکیان لە سوریا ئەبوبەکر بەغدادیم بینی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بوو، چەندین ئۆتۆمبێڵی دیکەی جام تاریكی لەگەڵدا بوون". ئەوەش دەڵێت کە "سەرکردەکان هەوڵیان دەدا من لە خەلیفە دووربخەنەوە لەترسی ئەوەی پۆستێکی گرنگم پێبدات، چونکە خەلیفە بایەخی بەمن دەدا و زۆر پرسیاری منی دەکرد". تەئکیدیش دەکاتەوە کە رێکخراوەکە "لە سوریا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بەرەی نوسرە و زۆربەی ئەندامەکانی کوشت". ئاشکراشیکرد کە "لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی زەوییەکی بەرفراوان لە عێراق و سوریادا خاکەکە دابەشکرایە سەر چەند ویلایەتێك، لەوانە ویلایەتی نەینەوا و جەزیرە و فورات و دێر ئەلزور و رەققە و ویلایەتی خێر و هی دیکە لە شام و عێراقدا، هەروەها دوو لیژنە پێکهێنران بەناوی لیژنەی رێپێدراو، یەکێکیان لە عێراق و ئەوەی تریشیان لە سوریا". بەڕێوەبردنی کاروباری داعش ئەلجەمەل روونیشیدەکاتەوە کە "ئەو لیژنەیە لە چوار ئەندام پێکهاتبوو و ئەمیرێکیشی هەیە، هەر ئەندامێكیان پۆستەکەی جێگری خەلیفەی داعش ئەبوبەکر بەغدادییە و ئەو لیژنانە کاروباری رێکخراوی داعش بەڕێوەدەبەن و هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕ و کاروباری دارایی و چاپەمەنی و دەرکردەکان و هی دیکە لەلایەن ئەم لیژنەیەوە بەڕێوەدەبردران، کە ئەندامەکانی ماوە ماوە دەگۆڕدران". وەرگرتنی پۆستێکی باڵای ئەمنی لە ویلایەتی فورات سەدام ئەلجەمەل دەڵێت " لەلایەن والی شامەوە رەوانەی ویلایەتی فورات کرام بۆئەوەی سەرپەرشتی کارەکانیان بکەم و لە پۆستێکی ئەمنی ویلایەتەکەدا دامەزرام، و لەوێ چەندین ناکۆکی لەنێوان من و والی فورات ئەبو ئەنەس سامەڕایی روویدا، بەو پێیەی من راپۆرتم دەنوسی و بۆ لیژنەی رێپێدراوم دەنارد، ئەو راپۆرتانە پەیوەندییان بەبابەتی نێربازییەوە هەبوو کە ئەبو ئەنەس لەگەڵ سەربازەکانیدا ئەنجامی دەدا، هەروەها دزی و دەستگیرکردنە هاکەزاییەکان". خەڵاتێك لە خەلیفەوە ئەلجەمەل جەختدەکاتە سەر ئەوەی خەلیفەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی دیارییەکی تایبەتی بۆ ناردووە کە نامەیەك بووە تێیدا نازناوی لەلایەن ئەوەوە بە ئەبو روقیەی ئەنساری دانراوە، لەگەڵ بڕە پارەیەك" تیرۆریست سەدام ئەلجەمەل لەچەندین گرتەی ڤیدیۆیی داعشدا دەرکەوتووە و لەیەکێکیاندا بەیعەتی خۆی بە رێکخراوی داعش دەدات، و لەیەکێکی تریشدا دەرکەوتووە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لەو گروپە چەکدارییان دەدات کە پەیوەندییان بە رێکخراوەکەوە نەکردووە، وێڕای ئەوەی لە گرتەکەدا دەردەکەوێت و لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەك تەرم و تەرمی سەربڕاوی لا بووە". سەرچاوەکانی پارەدارکردنی رێکخراوەکە ئەلجەمەل سەرچاوەکانی پارەدارکردنی رێکخراوی داعش ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سەرچاوەی دەرەکی واتا لە چەندین وڵات پارە دەهات، و سەرچاوەی ناوخۆیی وەك فرۆشتنی نەوت بەبازرگانانی قاچاغچی و پارەی باجەکان بەتایبەت ئەوەی کە لە خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرمایەدار و بازرگانان وەردەگیرا، بێجگە لە بازرگانیکردن بەو جیوە و توحفە و پارچە شوێنەوارانەی کە بەقاچاغ هێنرابوون". دابەشبوونی ئاڵۆزی ئەلجەمەل باس لەوەش دەکات "رێکخراوی داعش گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و سەرجەم ناوچەکانی ژێردەستی خۆی لەدەستداوە تەنها چەند ناوچەیەکی بچووکی وەك هەجین و ئەبولحەسەن و سوسە نەبێ، کە زۆربەی پاشماوەکانی داعش لەو شوێنانەدا گیرساونەتەوە". تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە ئەندامانی رێکخراوی داعش ئیرادەی شەڕکردنیان لە دەستاوە، ئەوان ئێستا لەحاڵەتێکی ئاڵۆز و جۆرێك لە ناڕێکوپێکی و دابەشبوون و ململانێی ناوخۆ دەژین، لەبەرئەوەی زۆربەیان رایانکردووە".،