ئەمرۆ سێ شەممە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند وڵاتانی ئەوروپا لە پێشێلكارییەكان كە دەرحەق بە مافی مرۆڤ لە لیبیا دەكرێت تێوەگلاون لە رێی پشتیوانی كردنیان لەدەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، كە تیایدا ئەشكەنجەی زۆری كۆچبەران دەدرێت. ئەو رێكخراوە رونیشیكردوەتەوە، وڵاتانی ئەوروپا كە خوازیاری رێگرتنی كۆچن لە وڵاتانی ئەفریقا لەرێی دەریای ناوەراستەوە بۆ ئەوروپا پاڵپشتی و هاوكارییان پێشكەش بە لیبیا كردووە و چەندین ملیۆن یۆرۆشیان لەرێی ئاژانسەكانی سەر بەتەوەیەكگرتوەكان خەرجكردووە تا بارودۆخی كۆچبەرانی ناو كەمپەكان لە لیبیا باشتر بكەن. لای خۆیەوە جۆن دالهویزن بەرێوەبەری پرۆگرامی ئەوروپا لە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت وڵاتانی ئەوروپا نەك بە وردی ئاگاداری پێشێلكارییەكانی ناو كەمپی پەنابەران بوون لە لیبیا، بەڵكو لەرێی هاركاریكردنی دەسەڵاتی لیبیاش لە رێی بەرگرتن لە گەشتكردنی كۆچبەران لە رێی دەریاوە و دەستبەسەركردنیان بەشداری ئەو تاوانەن.