کەریم شغێدل وەرگیڕانی/صباح کوردستان لەنێوان خۆشی و شادی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و کەشوهەوا هێمنەکەی، و بڕانی کارەبا لە هەندێك شوێندا هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، و سەرسامی هەندێك کەس لە تایبەتکردنی ناوچەکانیان بەبێ ئەوەی ئاگاداربن، و ترسی هاووڵاتیان لە دابەزینی ئاستی ئاو لە رووباری دیجلە و نێوان تایبەتکردنی زبڵ و پاشماوەکان کە بەڵێندەران نایاساییانە ئەنجامیانداوە و رێگەیان نەداوە بارهەڵگرەکانی ئەمیندارێتی بێنە ناوچەکانیان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ناچاربن پارە بدەن، هەروەها لەنێوان ترسی هاووڵاتیان لە یاسا تازەکان دەربارەی سەپاندنی باج بەسەر هەموو شتێکدا، و لەنێوان راڤەکردنەکانی ئامرازەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رووداوەکانی تەقینەوەی ئەمباری تەقەمەنی لە ناوچەی سەدر و سوتانی سندوقەکانی دەنگدان، و داواکاری هەندێك کەتلە بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان و ئیدارەدانی کۆمیسیۆن لەلایەن دادوەران و هەموارکردنەکانی یاسای هەڵبژاردنەکان و سەرقاڵییەکانی دیکەدا. دەڵێم لەنێوان ئەم و ئەودا یارییەکانی جامی جیهانی تۆپی دێن بۆ کەمکردنەوەی جۆرێك لەجۆرەکانی قورسایی سەر شانی هاوولاتیان، و لەهەمانکاتدا دڵۆپێك لەناخیاندا جێماوە لەوەی شێرەکانی رافیدەین هەلی بەشداریکردنی ئەم پاڵەوانێتییەیان لەدەستداوە، بەڵام ئەوە دڵنیایە، کە هاووڵاتی عێراقی ناڵێم ئیرەیی دەبات بەڵکو دڵخۆشە بەو گەلانەی کە ژیانێکی ئاسایی دەژین و خۆیان دەگەیەننە یاریگاکانی روسیا بۆ هاندانی هەڵبژاردەی نیشتیمانییەکانیان، گەلانێك کە ئازادی گەشتکردنیان هەیە و بەشداری لە کەرنەڤالی خۆشی و شادی مرۆیی دەکەن و چێژ لە کاتەکەی وەردەگرن، چی لەسەر هاووڵاتییە بێجگە لە هیواخواستن لە ئامادەبوون لەسەر کورسییەکانی هەر یاریگایەکی ئەوێ. لەبەرچی بۆ ئێمە نووسراوە کە دەبێ لە هەموو ئەو شتان بێبەشبین؟! بۆچی هەڵبژاردنەکانمان بە سەلامەتی تێپەڕنابن؟ و وەك هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەلاتمان نییە؟ لەبەرچی دیالۆگ ناکەین و گونجاو نابین و رێکناکەوین و بەرژەوەندی ولات ناخەینە سەرووی بەرژەوەندییە خودی و لایەندارییەکانەوە؟ بۆ هەموو ئەوانەی کە خۆیان بە رزگارکەر دەبینن لەواقیعدا بیرناکەنەوە تەنها لەو پۆست و ئیمتیازاتە نەبێت کە بەدەستی دەهێنن؟ بۆچی لای ئێمە پێوەری نیشتیمانپەروەریی وابەستەیە بە ئاستی وەفاداری و لایەنگیری بۆ سعودییە یان ئێران؟ بۆ هەندێکیان هەموو دەستکەوتەکانی هێزێکی وەك حەشدی شەعبی کورتدەکەنەوە کە وەفاداریی و لایەنگیری ئێران، لەکاتێکدا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە رزگارکردنی عێراق لەدەست داعشی چەپەڵەوە؟ لەبەرامبەر بێدەنگبوون لەو سیاسەتوانانەی کە رۆڵێکی قێزەوەنیان گێڕا لە پاڵپشتیکردنی سەکۆکانی دووبەرەکی و پێشینەکانی داگیرکردنی داعشییدا، کەی تێڕوانینێکی بابەتی و هاوسنەگمان دەبێت بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی بونیادنەرانە لەگەڵ هەردوولادا، و هەروەها ببین بەرەگەزێکی هاوسەنگ لەنێوان هەردوو هیزە ئیقلیمیەکەدا کە رەنگە ناوچەکە بخەنە نێو ململانێی مەترسیدارتر لەوەی کە ئێستا هەیە، هی واش هەیە وەك بەشێك لە ستراتیجییەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکان بەرگری لەو ململانێیانە دەکات. بۆچی حکومەتی عێراقی بە تەوافوقی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی نەبێت پێکناهێنرێت؟ ویستی نیشتیمان لەکوێدا غیابە؟ لەواقیعیشدا هەر حکومەتێکی سەر بەهەر لایەك بێت لەبەرژەوەندی ئێمەدا نابێت، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بیویستایە ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت و کۆتایی بەململانێکانی بهێنێت ئەوا عێراقی دەکرد بە هێزێکی مامناوەند بۆ لەیەکنزیککردنەوەی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرکەوتنەکانمان بەسەر داعش وێنەیەکی باشی خستەڕوو کە عێراق لەتوانایدا هەیە بەهێز بێت و بونیادبنرێتەوە، و رۆڵێکی مێژوویی لە ناوچەکەدا بگێڕێت، ئەمەش نایەتەدی بەبێ تێپەڕاندنی ململانێ ناوخۆییەکانمان، هەروەها بەبێ بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی نەك دەوڵەتی فراکسیۆن و تایەفەکان یان نیمچە دەوڵەتەکان.
کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی لهداواکاری عێراق دهكات