عەشیرەتەكانی قەزای حەویجە بریاریاندا رێگە بە كەسوكاری چەكدارانی داعش و هاوكاریان نەدەن بگەرێنەوە قەزاكە. ئەو بریارەش لە كۆنگرەیەكدا هات كە ئەنجومەنی عەشیرەتەكانی حەویجە رێكیانخستبوو، كە هەر یەك لە كەسایەتی ناوچەكانی دەروروبەری حەویجە و نوێنەری فەماندەیی پرۆسە سەربازییەكانی كەركوك و سوپا و حەشدی شەعبی و هێزەكانی پۆلیس ئامادەیبوون. لای خۆیەوە كامیل جاسم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی عەشرەتەكانی حەویجە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند لە كۆنگرەكەدا گوێبیستی پێشنیاری كەسایەتیەكان بوون بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ ئەو مەترسیانەی رووبەرووی دانیشتوانی ناوچەكە بوەتەوە دوای گەڕانەوەیان بۆ قەزای حەویجە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش كە بوەتەی جێی مەترسی بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان. جبوری وتیشی بەشداربوانی كۆنگرەكە رێكەوتوون هاوكاری تەواوی هێزە ئەمنیەكان بكەن و رێگە بەو كەسانە نەدرێت كە مایەی مەترسین بۆ سەر ئەمن و ئاسایش و هێزە ئەمنیەكانیش لە هەر گومانلێكراوێك ئاگادار بكەنەوە.