بەغداد – ا ه ع د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار،ئەمرۆ دوو شەممە، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە مۆزیكار نەسیر شمە و گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری پرۆژەی "درەوشانەوەی بەغدا"ی لەگەڵدا باسكرد، كە گەشەپێدان و ئامادەسازی رازاندنەوەو رووناككردنەوەی زیاتر لە بیست گۆڕەپانی لە بەغدای پایتەخت لەخۆگرتووە بە تایبەتمەندی جیهانی و چاوەڕوان دەكرێت بەمزووانە بكرێنەوە. سەرۆك كۆمار دەستپێشخەرییەكانی مۆزیسیار شمەو هەوڵەكانی بەرز نرخاند لە هەردوو بواری هونەری و مرۆیی و ستایشی بەخششەكانی لەبواری مۆسیقادا كرد، داواشی لە هونەرمەندانی عێراقی كرد بەشداری ئەو كارو چالاكییانە بكەن كە پشتیوانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی وڵات دەكەن بەتایبەتی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دەستی تیرۆر. فوئاد مەعسوم ئامادەیی دەربڕی بۆ پشتیوانیكردنی دەستپێشخەرییەكانی كەرتی تایبەت و دامەزراوە ئەهلییەكان كە ئامانجیان گەشەپێدانی وڵاتە، داواشیكرد هەموو ئاسانكارییە كارگێڕی و ئەمنییەكانیان لەمڕووەوە بۆ دابینبكرێت. لای خۆیەوە هونەرمەند نەسیر شمە سوپاسی سەرۆك كۆماری كرد بۆ پێشوازییە گەرمەكەی خۆشحاڵی نیشاندا كە خزمەتی گەلەكەی دەكات.