دوابەدوای راگەیاندنەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچە جیاجیاكانی عێراق لە تیرۆریستانی داعش، هاوڵاتیان ئاهەنگیان بەو بۆنەیەوە گێڕا و خۆشیخۆیان بۆ سەركەوتنەكانی سوپای عێراق دەربڕی. پێشتریش دكتۆر حەیدەر عەبادی لە وتارێكیدا ئازادكردنی تەواوی خاكی عێراقی راگەیاندو رویكردە عێراقیەكان و وتی " تەواوی خاكەكەتان ئازاد كرا و شار و گوندەكانتان گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان" وتیشی " ئەركێكی قورسمان لە بارودۆخێكی نالەباردا تەواوكرد بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆراگری گەلەكەمان و ئازایەتی هێزە چەكدارەكان و خوێنی شەهیدان و بریندارەكان " بەوبۆنەیەشەوە ئەمانەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند بە بۆنەی ئازادكردنی تەواوی خاكی وڵات بریاردرا كە رۆژی 10 ی كانونی یەكەم پشووی رەسمی بێت لە تەواوی دامودەزگاكانی وڵات. هەر بە بۆنەی سەركەوتنەكان ئاهەنگ لە زۆربەی ناوچە جیاجیاكانی عێراق رێكخرا و هاوڵاتیان خۆرسكانە رژانە سەر شەقامەكان، سەرباری بونی سەرماوسۆڵە بەردەوامبوون لە ئاهەنگ گێڕان.