رۆژی شەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش راگەیاند. لە وتەیەكیدا عەبادی رایگەیاند " هێزەكانمان دوا پێگەی تیرۆریستانی داعشیان لە خۆرئاوای ئەنبار كۆنترۆڵكرد، بەوەش تەواوی خاكی عێراق كۆنترۆڵكرا و خەون بووە راستی ئەو سەركەوتنەش بە خۆراگری گەلەكەمان و ئازایەتی و گیانفیدایی هێزە چەكدارەكان بەدیهات" سەرۆك وەزیران وتیشی هێزەكانمان سەركەوتنێكی مێژووییان بەدیهێنا و تەواوی عێراقییەكان شانازی پێوەدەكەن دوای ئەوەی ئاڵای عێراق لە سەر تەواوی خاكەكەی دەشەكێتەوە و لەسەر دوای خاڵی سنوری هەڵكراوە" عەبادی تەئكیدیشیكردەوە عێراقیەكان مافی خۆیانە شانازی بەو سەركەوتنانەوە بكەن كە بەدەستی خۆیان بەدییان هێناوە ئەو سەركەوتنەش بە یەكێتی و هۆشیاری و فیداكاری بەدیهات" داواشی كرد پارێزگاری لە یەكێتی و ئەو سەركەوتنە گەورەیە بكرێت. سەرۆك وەزیران لە بانگەوازێكیشدا بۆ كەسوكاری شەهیدان رایگەیاند خوێنی رۆڵەكانتان بە فیرۆ نەچووە و ئێوە سەرتان بەرزە، چونكە رۆڵەكانتان سەری عێراقیەكان و ئاڵایان بەرزكردەوە. عەبادی دواشی لە سیاسیەكان كرد پارێزگاری لە پاراستنی ئەمن و ئاسایش بكەن و رێگە بە گەڕانەوەی تیرۆریستان نەدرێت، دووریش بكەونەوە لە دروشم و هاندانی تایفی كە هۆكاری كارەساتەكان بوو، هەروەها بووەهۆی ئەوەی داعش بتوانێت ناوچە جیاجیاكان داگیر بكات و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانیش ئاوارە بكات.