بەغداد – ا ه ع سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ دوو شەممە، پێشوازی كرد لە ئەندامانی لیژنەی یاسایی بۆ تاوتوێكردنی سیاقە یاساییەكانی دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لەوبارەیەوە نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، رایگەیاند:" لەدیدارەكەدا دوا پێشهاتەكانی دۆسیەی هەڵبژاردن خرانەروو، لێكۆڵینەوەش كرا سەبارەت بەو سیاقانەی كە دوای هەموار یاسای هەڵبژاردن پەیڕەو كراون، لەوبارەیەوە جبوری تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی دەستكردن بە رێوشوێنە یاساییەكانی هەموارەكە كە رێگە بەجیاكردنەوەی دەستی دەنگدان لەسەرتاسەری وڵاتدا دەدات، لەگەڵ گرنگی پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان دوای ئەو روداوی ئاگركەوتنەوەیە بەو شێوەیەی دەنگی هاوڵاتیان ئەپارێزێت. سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داواشی لە دەزگا ئەمنیەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كرد هەموو رێوشوێنەكان بگرنەبەر بۆ سەرخستنی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان.