بەغدا/ قاسم حلفی وەرگێڕانی/ صباح کوردستان بەپێی رۆژنامەی ئەلیکتڕۆنی دادوەریی ئەنجومەنی دادوەریی دادوەری دادگای باری کەسێتی عەلی کەمال هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە رووندەکاتەوە و دەلێت "حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا زیادیان کردووە بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا" هۆکارە سەرەکییەکەیشی گەڕاندۆتەوە بۆ "بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و زۆری ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و ئەپڵیکەیشنە تازەکان و خراپ بەکارهێنانیان" ئەو ئامارانەی کە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەربارەی ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەماوەی ساڵی رابردوودا زەنگێکی مەترسیدار و هەڕەشەن لە تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی، بەوپێیەی کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٧دا ٧٠ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، ئەمەش واتا رۆژانە ١٩٢ حاڵەت، یان لە هەر کاتژمێرێکدا هەشت حاڵەتی جیابوونەوە، ئەمم بابەتەش زەنگە بۆ کارەساتێکی کۆمەڵایەتی پێویستە هۆکارەکانی تاووتوێبکرێن و چارەسەریشی بۆ بدۆزریتەوە. ئامارەکەی ئەنجومەنی دادوەریی دەریدەخات کە رێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەسەرتاسەری عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٧ بەبەراورد لەگەل ساڵانی رابردوو بەرزبووەتەوە، تێیدا هاتووە کە "ساڵی رابردوو لەتەواوی دادگاکانی عێراقدا (٧٠٠٩٧) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون". هەروەها لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەریی نزیکەی ٢٣ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون. بۆچوونی دادوەریی بەپێی رۆژنامەی ئەلیکتڕۆنی دادوەریی ئەنجومەنی دادوەریی دادوەری دادگای باری کەسێتی عەلی کەمال هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە رووندەکاتەوە و دەلێت "حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا زیادیان کردووە بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا" هۆکارە سەرەکییەکەیشی گەڕاندۆتەوە بۆ "بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و زۆری ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و ئەپڵیکەیشنە تازەکان و خراپ بەکارهێنانیان"، هەروەها جەختیشیکردۆتە سەر ئەوەی "پرسەکانی بێزارکردنی ئەلیکتڕۆنی یەکێکە لەو وێنانەی رێژەیەکی لە حالەتەکانی جیابوونەوەی پێکهێنانەوە"، هێماشی بۆئەوە کردووە کە " چەندین فاکتەری دیکە هەن لەعێراقدا لەپشت هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو دیاردەیەوەن، لەنێویاندا هاوسەرگیریی لەتەمەنی منداڵییدا کە لە ساڵانی رابردوودا سەریهەلداوەتەوە". ئەوەشی وتووە کە "دەستێوەردان کەسوکارەکان لە کاروباری هاوسەرگیرییەکان و بارودۆخی ئابووری و کەمی هەلی کار و زۆربوونی بێکاریی، و دابەزینی ئاستی هۆشیاری هزری و رۆشنبیری لەنێوان هاوسەرکان و جیاوازی ئاستی زانستی و بڕوانامەی خوێندن و هەموو ئەمانە هۆکاری سەرەکی حاڵەتەکانی جیابوونەوەن". دادوەری ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە "پێویستە میکانیزم و رێوشوێن بۆ ئەو حاڵەتانەی جیابوونەوە دابنرێن کە لەدەرەوەی دادگاکاندا ئەنجامدەدرێن و دواتر پەسەند دەکرێن، بەتایبەت ئەوانەی کە لە نوسینگە شەرعییەکانەوە رێکدەخرێن، ئەمەش لەرێگەی دانانی رسوماتی زۆر و سزای دارایی یان ماددەیەکی یاسایی بۆ سزادان". گۆڕانکارییە خێراکان توێژەر دکتۆر ئەحمەد قاسم وایدەبینیت "لەو ولاتانەی لە بونیادنانی سیاسی و کۆمەلایەتیدا بە گۆڕانی خێرادا تێدەپەڕن، وەکو عێراق، زۆربەی جار لەگەڵ خۆیاندا گرژی و کێشەو گرفتی لەو شێوە دەهێنن، ئەوەی لای ئێمە تێبینیدەکرێت دوو دیاردەی دژ بەیەکن لەلایەك زیاتربوونی تاکگەریی بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا نوێ و ئامرازانەی پەیوەندی کۆمەلایەتی کە تاك هەیەتی، و دواتریش بڕێکی زۆری سەربەخۆیی، کە نە خێزان لەتوانایدا ماوە رۆڵەکانی کۆنتڕۆڵ بکات و نە ژنانیش لەو کۆتوبەندانەی کە لەهەموو لایەکەوە بەهۆیانەوە کۆنتڕۆڵکراون". روونیشیکردەوە کە بڕێکی زۆری سەربەخۆیی وادەکات تاکەکان بەهۆیانەوە فەزای بوونی خۆیان لەناوە دەرگا داخراوەکاندا بشکێنن و لەگەل جیهاندا لەپەیوەندیدابن، ئەو دۆخەش دەبێتە هۆی هاتنەئارای هەستێکی دژبەیەك کە لەلایەك هەست بەپشتبەستن بەخود دەکەن و لەلایەکی تریش بەتایبەتی و بەدیاریکراوی ژنان بڕێك گومان و لاساری و تێکشکاندنی زاڵبوونی پیاویان دەخرێتەسەر، بەوپێیەی ژن سەر بەپیاوە و لەلایەن ئەوەوە ئاراستە دەکرێت، بۆیە تێبینیدەکەین نەوەی ئیستا بەرێژەیەکی زۆر هەوا و هەوەسی گۆڕاوە و وایلێهاتوە لە هاوسەرگیریکردن پەلە بکات و لەبەرامبەریشدا پەلەکردن لە جیابوونەوەش روودەدات". قاسم ئاماژەشیدا بەوەی کە "توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان نەوەی ئیستایان بەوە دەسنیشان کردووە کە کەلتورێکی لەباربەریان هەیە، دوای ئەوەی جاران تاکەکەس لەناو خێزاندا پابەندبوو بە پەیوەندی هاوسەرگیری و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لەئێستادا کەلتوری نەوەی نوێ پشت بەبەکارهێنان بۆ تەنها جارێك دەبەستێت و ئەو سیفەتەش لە شتەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو پەیوەندییەکان، ئەو نەوەیە لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ناجێگیرە، و ناتوانێ لەگەل کەسانی تردا پارێزگاری لە پەیوەندییەکان بکات بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، بۆیە رێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بەم شێوە مەترسیدارە زیاد دەکات". قاسم دەربارەی چارەسەرەکان دەڵێت "چارەسەرەکان لەرووی کۆمەڵایەتی و بەهاوە ماوەیەکی زۆری دەبات لەوەی هەوڵبدرێت دۆخی تاکگەریی یان کەلتوری لەباربردن و وەلانان بگۆڕێت، هەرچی لایەنی یاساییە دەکرێ زیاتر لە ئێستا کۆت و بەند لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە و هاوسەرگرییکردن دابنرێت، لەئێستادا وەك ئەوەیە یاسا ئاسانکاری بۆ جیابوونەوە بکات زیاتر لە هاوسەرگیریکردن، لەرووێکی دیکەوە هاوسەرگیریکردن لەدەرەوەی دادگا بووە بە پرۆسەیەك زۆر بەئاسانی لە نوسینگە تایبەتەکاندا دەکرێت، یان لەرێگەی مارەبڕی تەنها بەئامادەبوونی دوو شاهید و ئینجا دوای چەند سالێك لە دادگاکاندا تۆماردەکرێن، کە زیانی گەورە روودەدات". ئاماژەشیدا بەوەی کە "زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە تەمەنی بچووك و ئەو هاوسەرگیرییانەیە کە لەدەرەوەی دادگادا ئەنجامدراون، هەرچی ئەوەی پەیوەندی بە راگەیاندنەوە هەیە پێویستە جەختبکرێتە سەر ئەو حاڵەتە تراژیدییانەی کە هەردوولا لە ژن و میرد لەئەنجامی جیابوونەوەدا روبەڕووی دەبنەوە، و پرۆگرامی ئامۆژگاریرکدنی کۆمەڵگا هەبێت لەوەی لە هاوسەرگیریکردندا پەلە نەکرێت و شوێنەوارە روخێنەرەکانی ئەو دیاردەیە روونبکرێنەوە". ئەوەشی وت کە "تێبینیدەکرێت دیدگای کۆمەڵگا بۆ وێنەی ژنانی تەڵاقدراو گۆڕاوە، دوای ئەوەی جاران عەیبەیەکی کۆمەڵایەتی بوو، ئیستا گەنجان دیدگا و بۆچوونیان لەوبارەیەوە گۆڕاوە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەو عەیبەیە لە گۆرانی و شیعرەکاندا بەکاربهێنن، هەروەها باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانکۆکان و کۆمەڵگا و پیاوانی ئایینی رۆڵیان دەبێت لە هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگادا، چونکە هاوسەرگیریکردن پەویەندییەکی ئاسمانییە لە هەموو ئایینەکاندا". شەریعەت بۆچوونی خۆی هەیە راو بۆچوونی شەریعەت لەم رووەوە باس جەوهەری کێشەکە دەکات، چونکە قورئانی پیرۆز جیابوونەوە بە "ناشرینترین حەڵال" وەسف دەکات، و شێخ عەلی کینانی دەلێت "زۆربوونی دیاردەکانی جیابوونەوە بەو شێوە مەترسیدارە و بە بومەلەرزەیەك دادەنرێت لە کۆمەڵگا دەدات بیئەوەی چاو بەقەبارەی ئەو زیانانە بخشێنرێتەوە". وتیشی "هەندێکیان هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە دەگەڕێننەوە بۆ زوو هاوسەرگیریکردن و هاوسەرگیریی لەتەمەنی منداڵیدا، بەڵام بەر لە بڕیاردان دەبی رۆشنایی بخەینە سەر ئەم دوو زاراوەیە، ئێمە دەزانین هەر شتێك پێشەکی خۆی هەیە ئەگەر تەواو بوو ئەوا بابەتەکە تەواو دەبیتم ئایا ئەو پێشەکیانە تەواو بوون، تا ئێمە زوو هاوسەرگریکردن یان هاوسەرگیری لەتەمەنی منداڵی بە شکست دابنێین؟ ئەمە "زاراوەیەکی لە زۆربەی دەروازە فیقهییەکاندا هەیە لەبەرچی تەنها رۆشنایی بخەینە سەر پرسی هاوسەرگیری، وەك هەندێك لەوانەی کە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن دەیانەوێ، تەنانەت لە شەریعەتی ئیسلامیدا گرفت بدۆزنەوە". هەروەها وتی "پرسی زۆربوونی جیابوونەوە هۆکارەکەی کەسەکان خۆیانن لەدەرەنجامی بەپیروەنەچوونی رێنماییەکانی ئایینی ئیسلامی حەنیف، ئەو خێزانانەی کە هەڵوەشاونەتەوە رێژەی پابەندنەبوونیان بە شەریعەتی ئیسلامی زۆر کەم بووە، بۆیە بابەتی جیابوونەوە زۆر ئاسان بووە، خەڵكێك بیری چووە کە شەریعەتی ئیسلامی داوا دەکات لەتەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری بکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دروست پەیوەندی شەهوانی ئەنجامبدرێت، بەڵام لەگەڵ دوورکەوتنەوەی زۆربەی کۆمەڵگا لە شەریعەت و یاسای راست و دەستگرتن بە نەریتە ناڕاستەکان ئەو تراژیدیایە دروست دەبێت". کینانی هێماشی بۆ ئەوە کرد کە "گرنگترین هۆکار ئەوەیە خەلك بە رێنماییەکانی خوا پابەند نابێت کە پەیوندی هاوسەرگیری بە پیرۆز داناوە، لەوانە خراپ دەستنێشان کردن، و ئیمام رەزا "سڵاوی خوای لێبێت" وەسیەتی کردووە کە دەبێت دەستنیشانکردن بەشێویەکی راست و دروست بێت"، بەهەمان شێوە پێغەمبەری ئیسلام لەو بارەیەوە ئامۆژگاریمان دەکات، یەکێکی تریش لە هۆکارەکان هەستنەکردنە بەبەرپرسیارێتی هەندێك لە ژن و مێردان، و وایلێهاتووە ئەرکی ماڵ کەوتپتە دەست ژنەوە، هەروەها تەکنەلۆژیای نوێ و بەکارهێنانی ماڵپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەبێ چاودێریکردن دەبێتە هۆی هاتنەپیشەوەی ئەو جۆرە بەڵا و موسیبەتانە". کینانی دەپرسێت "بۆچی لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەو رێژەیە لەئارادا نەبوو کەمتر بوو؟ ئایا لەوکاتەشدا زوو هاوسەرگیریکردن و هاوسەرگری مندالان نەبووە؟ لەوکاتەدا کێشە و گرفت روویدەدان بەڵام عەقڵ هەبوو، خەڵک لە ئاستێکی باشی هۆشیاریدابوون بۆ بڕیاری لەو شێوەی خانەوادەی بەڕێز". بریکارانی بەرگریی لای خۆیەوە پاریزەر ئیسماعیل عیپاوی ئاماژەدەدات بەوەی کە "بەپێی کاری پارێزەری خۆی بۆی دەرکەوتووە ژمارەی داوا یاساییەکانی جیابوونەوە لە دادگای بەیاع ساڵی رابردوو گەیشتۆتە زیاتر لە ١٣ هەزار داواکاری"، روونیشیکردەوە کە "چەندین هۆکار بۆ ئەو بابەتە هەن لەوانە ماددی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقین". ئاماژەشیدا بە "قەبوڵکردنی دیاردەی تەڵاقدان لە خیزانی عێراقیدا لەلایەن کۆمەڵگاوە، دوای ئەوەی پێشتر بە عەیبە لەقەڵەمدەدرا، ئێستا حاڵەتەکانی جیابوونەوە زیادبوون هۆکارەکەیشی کوردەکرێنەوە لەو شەڕانەی کە تێیاندا ژمارەیەکی زۆری پیاوان لەناوچوون و ژمارەی ژنان و قەیر کچان زیادبوون، هەروەها فاکتەری ماددی و لەشکری بێکاریی کە بووەتە هۆی ئەوەی گەنجان روو لەهاوسەرگیری نەکەن یان ئەوانەی کە هاوسەرگیری دەکەن دووچاری کێشەبن و ببێتە هۆی جیابوونەوە لەبەر نەبوونی وەفاداری بەرامبەر بەژن، بەهەمان شێوە هەندێك لە ژنان ناتوانن لەگەڵ کەسوکاری مێردەکانیان بژین، کە زۆربەی جار ئەمە دەبێتە هۆی جیابوونەوە دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان ژن و مێردەکە تێکدەجێت، هەروەها کۆچی گەنجان و جێهێشتنی هاوسەرەکانیان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان ە بەکۆمەڵگای ئێمە نامۆن، رەنگدانەوەی خراپیان هەیە بەسەر ژیانی هاوسەرگیری و دەبنە هۆی جیابوونەوە، ئاماژەشیدا بە کۆچی ناوخۆ لەئەنجامی شەڕ کە بوەتە هۆی تراژیدیا بۆ ژیانی هاوسەرگیری، بێجگە لە تەکنەلۆژیای نوێ، کە بەیەکگەیشتنی نێوان هەردوو رەگەزی ئاسانکردووە و خیانەتی هاوسەرگیریی روودەدەن و دواجاریش جیابوونەوە".
پارێزگاری کەرکوک رۆژی چوارشەممەی کردە پشوو