بەغدا/ رولا واپق وەرگیڕانی/ صباح کوردستان خەڵکی بەگشتی ساغ و نەخۆش لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامیدەدەن، ئەویش "زۆرخواردنە لە هەردوو ژەمی پارشێو و بەربانگدا، بەبیانووی دوورودرێژی کاتژمێرەکانی رۆژوگرتن و قەرەبووکردنەوەی ئەو ژەمەی کە ناخورێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ژەمەکان دابەشبکرێن و هاوسەنگییەك لەنێوان بەربانگ و پارشێودا هەبێت، و پشت بە ژەمی سووك ببەسترێت، وەك ماست و سەوزە و میوە، و خۆیان لە خواردنی چەوریی بەدووربگرن، ئەو شێوازە هەڵەیەی کە سەرجەم عێراقییەکان بەشێوویەیکی گشتی دەیگرنەبەر، بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بەشەکرە تا گەیشتۆتە رێژەی لەسەدا ٣٠". خۆراك بۆ وزەی لەش و زیندوێتی و ڤیتامینی پێویست گرنگە، بەڵام هەندێك خۆراك کە مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت کێشەی تەندروستیان دەبێت، لەبەرئەوە پێویستە هاوسەنگی لەو خۆراکەدا هابێت کە دەچێتە ناو لەشەوە. بەڕۆژوەوان لەئەنجامی کورتکردنەوەی خۆراکەکەی لە تەنها دوو ژەم لە دوای ١٦ کاتژمێر بەڕۆژووبووندا دۆخێکی تایبەتی هەیە، و پێویستە لەسەری ئەو خۆراکانە بخوات کە بەڤیتامین دەوڵەمەندن، میوە و سەوزە و شیرەمەنی و کاربۆهیدرات و پرۆتین و جەوری، بەڵام بەرێژەی دیاریکراو، نەخۆشەکانیش لە رەەزاندا دۆخێکی تایبەتیان هەیە، پەیوەندیدارەکان وەك رۆژوگرتن و نەخۆشییەکان روونی دەکەنەوە. دکتۆر عەباس عەلی مەنسوور دەڵێت "سەبارەت بە تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان (بەرزە فشاری خوێن و شەکرە) و لەمانگی رەمەزاندا کاریگەری رۆژووگرتن بەسەریانەوە، هیچ کاریگەرییە لەئەنجامی رۆژووگرتنەوە بەسەر ئەوانەی کە فشاری خوێنیان بەرزە نییە، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە شەکرەیان هەیە، ئەوانەی فشاری خوێنیان بەرزە دەتوانن بەڕۆژوو بن بەپێی حاڵەتی نەخۆشییەکەیان، ئەو نەخۆشانەی کە پشت بە خۆراك و دەرمانی رێکخستنی شەکرە دەبەستن دەتوانن بەرۆژوو بن ئەگەر تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاتر نەبێت". وتیشی "ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانەکانی زیادکردنی رێژەی ئەنسۆلین بەکاردەهێنن دەتوانن بەرۆژوو بن، بەڵام ئەگەر لەرۆژێکدا چەند جارێك بەکاریبهێنن، ئەوا بڕیایر رۆژوگرتن زەحمەت دەبێت و رەنگە نەخۆش بەئاراستەیەکی مەترسیداردا ببات". پزیشکی ناوبراو ئەوەشی وت کە"چەند حاڵەتێکی دیکە هەیە ناکرێ رۆژووگرتن بەسەر نەخۆشدا بکات بەمەرج، ئەو نەخۆشانەی کە لەماوەی دوو مانگی پێش مانگی رەمەزاندا رێژەی شەکرەیان گەیشتۆتە ٢٠٠، هەروەها ئەو نەخۆشانەی کە بەردەوام شەکرەیان دادەبەزێت". هێماشی بۆ هەڵەیەك کرد کە خەڵکی بەگشتی ساغ و نەخۆش لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامیدەدەن، ئەویش "زۆرخواردنە لە هەردوو ژەمی پارشێو و بەربانگدا، بەبیانووی دوورودرێژی کاتژمێرەکانی رۆژوگرتن و قەرەبووکردنەوەی ئەو ژەمەی کە ناخورێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ژەمەکان دابەشبکرێن و هاوسەنگییەك لەنێوان بەربانگ و پارشێودا هەبێت، و پشت بە ژەمی سووك ببەسترێت، وەك ماست و سەوزە و میوە، و خۆیان لە خواردنی چەوریی بەدووربگرن، ئەو شێوازە هەڵەیەی کە سەرجەم عێراقییەکان بەشێوویەیکی گشتی دەیگرنەبەر، بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بەشەکرە تا گەیشتۆتە رێژەی لەسەدا ٣٠". خواردن لە رەمەزاندا دکتۆرە حەمدییە محەمەد حەمدانی شارەزا لە خۆراکی مرۆڤ لە سەنتەری توێژینەوەی بازاڕ و پاراستنی بەکارهێنەر، دەربارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و بەڕۆژوو دەبن، دەلێت" هەر کەسێك کە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە پێویستە سەردانی پزیشك بکات بۆ دڵنیابوون لە توانای بەرۆژوو بوون و دۆخی تەندروستییەکەی، وەرگرتنی بڕیاری پزیشكی چارەسەرکردن لەوەی لەرووی ئایینی و تەندروستییەوە بەرۆژووبێت یان نا، ئەمەو ناکرێ نەخۆش لەتوانای بەرۆژووبووندا خۆی لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەراورد بکات، لەش و جەستەکان لەتوانا و بەرگەگرتندا جیاوازن، نەخۆشییەکانیش لە توندی و سەختییاندا بەهەمان شێوە، هەروەها داوودەرمانیش لە کات و ماوەی بەکارهێناندا جیاوازیان هەیە". وتیشی "بەشێوەیەکی گشتی رۆژوو بۆ نەخۆشی شەکرە بەسوودە، چونکە ئاستەکانی شەکر لە خوێن و تێکڕای کەڵەکەبوونی Hba1c کەمدەکات، و زۆربەی نەخۆشەکانی شەکرە دەتوانن بەبێ کێشە بەڕۆژوو بن، بەڵام ئەمە پشتدەبەستێت بە رێژەی بەرزبوونەوەی شەکرە و بەرزی و نزمی و جۆری دەرمان، بەگشتی ئەوانەی کە دەرمانی شەکرەی خوێن (حەب) بەکاردەهێنن دەتوانن بەرۆژوو بن، بەڵام هەندێك کە رێژەی شەکرەیان ناجێگیرە هەندێکجار بەرزدەبێتەوە و لەپڕ نزمدەبێتەوە، یان پشت بە چارەسەری دەرزی ئەنسۆلین و هی دیکە دەبەستن زەحمەتە بتوانن بەرۆژوو بن". دەربارەی خۆراکی گونجاو لە مانگی رەمەزاندا بۆ نەخۆشانی شەکرە، حەمدانی دەڵێت "پێویستە لەنێوان بەربانگ و پارشێودا ژەمێکی سووك بخۆن، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك لەنێوان هەردوو ژەمەکەدا هەبێت، و بڕی خۆراکی کاتی بەربانگ کەمبکرێتەوە، بۆئەوەی رێژەی شەکر زۆر بەرزنەبێتەوە، هەروەك پێویستە بڕی نیشاستە سنووردار بکرێت، سەبارەت بە پارشێو پێویستە هاوسەنگ بێت و دووربێت لە خۆراکی گەرم و چەوری و خۆراکی خوێدار بۆئەوەی تینوی نەبێت، بێجگە لەدڵنیابوون لەنەخواردنی ئەو خۆراکانەی کە شەکریان تێدایە". حەمدانی تیشکیشی خستەسەر ئەوەی کە "کاتی نائومێدی بۆ نەخۆشانی شەکرە کاتژمێرێك یان دوو کاتژمێری پێش بەربانگە، لەوکاتەدا ئاستی شەکرە دادەبەزێت، بۆیە باش نییە نەخۆش خۆی ماندوو بکات تەنانەت بەرۆیشتنیش بێت، هاوکات باش نییە بخەوێت بەتایبەت کە بەتەنهایە، چونکە لەوانەیە شەکرە لەکاتی خەوتندا دابەزێت و نەکرێت چارەسەربکرێت و کەسیش لەدەوروبەری نەبێت پێی بزانێت، باشترە لەدوای بەربانگ بەکاتژمێرێك یان دووان مەشقی وەرزشی بکات یان چاڵاکی جەستەیی ئەنجامبدات، دوور لە راهێنان و چاڵاکی وەرزشی ماندووکەر". حەمدانی دەربارەی نەخۆشانی فشاری خوێن دەڵێت "رۆژوو مەترسیی نییە بۆ نەخۆشانی ئاسایی فشاری خوێن، لەکاتێکدا دەبێ نەخۆشانی بەرزی فشاری خوێن سەردانی پزیشکی چارەسەرکردن بکەن بۆ ئەوەی کات و جۆری بەکارهێنانی داو و دەرمان رێکبخات بەپێی کاتەکانی رۆژوگرتن". ئەوەشی وت کە "پێویستە نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن خۆی لەو خواردنانە بەدووربگرێت کە بڕێكی زۆری خوێیان تێدایە، هەروەها ترشی و خواردنی برژاو و خۆراکی چەور، دەبێ رێژەی زۆری خۆراکەکانیان بەرهەم شیرییەکان بێت ئەوانەی کە چەورییەان کەمە، لەگەڵ دڵنیابوون لەسەر خواردنی سەوزە و میوە وەك بەشێكی سەرەکی ژەمە خۆراکەان بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا، ئەمەو لەگەڵ گۆڕێنی تەواوی حەبەکانی لەجیاتی جۆرەکانی دیکەی نیشاستە، و جەختکردنە سەر چەوری بەسوود و خۆراکی تێرنەکەری وەك زەیتوون، و بۆ گەرەنتی پاراستنی هاوسەنگی جەستە دەبێ پارشێو دوابخرێت بۆ پێش دەستهەڵگرتن لەخواردن بەماوەیەکی کەم. دکتۆرە حەمدانی دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر لەشی مرۆڤدا دێت لەکاتی بەرۆژووبووندا دەلێت "لەشی مرۆڤ لەکاتی بەرۆژوبووندا سەرەتای ئەمباری شەکرەکانی بەکاردەهێنێت کە لەبنچینەدا لە جگەردا هەیە، بۆئەوەی وزە بەدەستبێنێت ئەو ئەمبارانە ماوەی تەنها ١٢ کاتژمێریان پێویستە، پاشان لەش ترشە چەورییەکان لە ئەمبارەکانی چەوری لەش بەکاردەهێنێت، ئەو ترشانە وەی پێویست بەلەش دەدەن لەکاتی چاڵاکیدا". ئامۆژگاری تایبەت بە رەمەزان بەڕێوبەری پەیمانگای توێژینەوەی خۆراك لە وەزارەتی تەندروستی دکتۆر حوسێن شەعلان روونیدەکاتەوە کە "خۆراکی تەندروست لە رەمەزاندا دەبێ بۆ هەموو کەس ساغ و نەخۆشەکان بێت، و پێویستە ژەمی بەربانگ دابەشبکرێتە سەر چەند بەشێك بۆئەوەی گەدە بەخۆراکی چەور پڕنەبێت، لە خواردنی خورماوە دەستپیدەکەین و دواتر ماستی کەم چەور، و پاش پشوودانێك بۆ ئەوەی گەدە ئامادەبێت بۆ خواردنەکانی دیکە، باشتروایە سەوزەی برژاو و یان کوڵاو بێت کە بەئاسانی هەرس بکرێت، و لەوکاتەدا ئاو نەخورێتەوە بۆ ئەوەی شلەی ناو گەدە کەم بێت کە کاریگەری بەسەر کرداری هەرسکردندا دەبیت، و باشترە دوای خواردنی بەربانگەوە تا پارشێو هەشت پەرداخ ئاو بخورێتەوە". ناوبراو باسی لەوەشکرد کە "دەبێ لەکاتی هەردوو ژەمی بەربانگ و پارشێودا جیاوازی هەبێت، و تێیدا کەسی بەرۆژوو خۆراکی مامناوەندی لەهەرسبوون بخوات وەك هێلکە و گۆشت و پاقڵەمەنییەکان، لەگەڵ زەرورەتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ لەناو ژەمە خۆراکییەکان لەم مانگەدا، کە بەگشتی لەناو تورشیات و چەرەزاتدا هەیە و زیانی زۆریان بۆ کەسی بەرۆژوو هەیە بەتایبەت ئەوانەی کە نەخۆشی بەرزی فشاریان هەیە". شەعلان هێمای بۆ نەریتی خۆراکی هەڵەی مانگی رەمەزان کرد و وتی "خواردنی خۆراکی پڕ لە شەکر و چەوری زیان بەکەسانی ساغ دەگەیەنێت و قەڵەویان دەکات، و کاریگەری زۆریان بەسەر نەخۆشانی شەکرە هەیە، لەگەڵ هۆشداری لە نەخواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان، چونکە ئەوانە بەرپرسن لە ئێسکە نەرمە و کەمخوێنی". ناوبراو ئامۆژگاری کەسانی بەرۆژوو دەکات و دەڵێت "بڕی زۆری چا و قاوە نەخۆنەوە و لە خواردنەکانیاندا بەهارات بەکارنەهێنن، یەکەم و دووەمیان دەبنە هۆی کەمخوێنی و ئەوەی دواهەمینیشیان دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ کۆئەندامی گەدە و هەرسکردنی خۆراك". لەکۆتاییشدا وتی "تێبینیدەکرێت کە لە مانگی رەمەزاندا کەمتر سەوزە و میوە بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا کە دەبێت کەسی بەڕۆژوو لەکاتی بەربانگ تا پارشێو چوار پارچە میوە بخوات و لەو نێوانەشدا شیر و پەنیر بخوات". "