بافڵ تاڵەبانی : بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە مێژووی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە

ناوخۆ
  • 14-04-2025, 18:13
  • +A -A

    بەغدا – INA
    ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ،دووپاتی کردەوە کە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموومان یەک چارەنووس و مێژووی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە.
    تاڵەبانی لە بەیاننامەیەكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاندووە؛ كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
    "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، منیش هێندەی هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دڵخۆشم، چونکە گەیشتین بە یەکێک لەو ئامانجانەی چەند ساڵێکە هەوڵی بۆ دەدەین تاوەکو کەمێک لە ئازاری کەسوکارەکانی خۆمان کەم بکەینەوە.
    لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوە و لە رابردوودا پەرۆشانە لە هەوڵدابوون بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژووییە.  
    بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموومان یەک چارەنووس و مێژووی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە و ئومێدمان پێدەخشێت کە بە یەکگرتوویی و پێکەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین.
    هەڵەبجەییە سەربەرزەکان شایەنی هەموو پاداشت و خزمەتکردنێکن، دڵنیاتان دەکەمەوە چۆن لە رابردوودا هەمیشە لەگەڵتان بووین، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەین.
    لای ئێمە هەڵەبجە هیوایە بۆ ئایندەمان، ئامۆژگاریی سەرۆک مام جەلالە کە هەرچیمان لەدەستبێت دەبێت بۆ ‌هەڵەبجەی بکەین و بەپارێزگابوونیشی بەرپرسیارێتیمان زیاتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە وەک یەک تیم بە پرۆژە و کارکردن خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە بکەین، هەر شاد و سەربەرزبن".

    شایەنی باسە ،ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ڕەشنووسی یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە چوارچێوەی کۆماری عێراق دا.