
کەربەلا -INA
ئەمڕۆ"ئەمینداریەتی گشتی عەتەبەی عەباسی ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆکانی عێراق بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) تەواو کردووە،و زیاتر لە 60 زانکۆ بە بەشداری نزیکەی 4500 خوێندکار لەم بۆنەیەدا ئامادە دەبن.
"ماهر خالد" بەرپرسی پەیوەندی زانکۆکان لە عەتەبەی عەباسی، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند : ئامادەکارییەکانیان بۆ ئاهەنگی ساڵانەی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان تەواو کردووە و هەموو بەشەکانی عەتەبە ئامادەباشییان ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەم ئاهەنگە ببێتە نموونەیەک بۆ خوێندکارانی سەرتاسەری عێراق.
بەوتەی خالد: چالاکییەکانی ئاهەنگی دەرچوون لە سێ شوێنی جیاواز و بۆ سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت، کە یەکەم چالاکی سەردانکردنی هەردوو عەتەبەی پیرۆز و سوێندخواردن لەبەردەم ئارامگەی( ئەبوفەزڵ عەباس ) ، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق .
ووتیشی : بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بریتییە لە ئاهەنگی شەوانە کە تێیدا وتاری ئەمینداری شەرعی عەتەبە و نوێنەری زانکۆکان پێشکەش دەکرێت، لەگەڵ پێشکەشکردنی شیعر و سروود و شانۆگەری و ڕێزلێنان لە خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانی شەهیدان، ئەوە جگە لە بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپ و وانەی تایبەت بە گەشەپێدانی تواناکانی خوێندکاران بۆ قۆناغی دوای خوێندن و پێداویستییەکانی بازاڕی کار.