
هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لە گرنگی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕین كردەوەو رایگەیاند: پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد باشن و داوای پێكهێنانی خێرای حكومەتێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەكات.
بارزانی لە وتارێكیدا لە میانەی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب ، كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، رایگەیاند: سوپاسی هەموو لایەك دەكەم كە ئامادەبوون، و ساڵ لە دوای ساڵ لەم پێشانگایەدا لە هەولێر دەتانبینینەوە. پێشكەوتنێكی بەرچاو لەم پێشانگایەدا دەبینم، گرنگ نییە جیهان چۆن گەشە بكات، بەڵام قسەكانی شاعیر موتەنەبی دەمێننەوە: باشترین هاوڕێ لە زەمەندا كتێبە.
هەر لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشكرد: مێوانە بەڕێزەكان، ئامادەبووانی بەڕێز، هەمووتان زۆر بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان و ئومێدەوارم وەختێكی خۆش ببەنە سەر لە هەولێر. زۆر سوپاستان دەكەین بۆ هاتنتان.
رونیشیكردەوە: ئەمڕۆ جارێكی تر دەبینین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، 17ـەمین پێشانگەی كتێب دەكرێتەوە و ئەمە بووە بە نەریتێك كە جێگەی خۆشحاڵیمانە و بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە فەخری كەریم دەكەم، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای (المدی) و بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ئەركیان كێشا و ماندووبوون لە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە ڕێكوپێكە.
وتیشی: ساڵ بە ساڵ دەبینین كە پێشانگەی كتێب بەرەوپێشچوونێكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و هەر ساڵێك باشتر لە ساڵی پێشتر. ئینشائەڵلا ئەم كارە هەر بەردەوام بێت و هەر لە خۆشیدا بتانبینین.
ئاشكراشیكرد: هەرچەند دونیا بەرەوپێش بچێت، تەكنەلۆجیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەی شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی، ئەو حەقیقەتە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە كە دەڵێت "وخیر جلیس فی الزمان كتاب" قیمەتی كتێب و ئەهەمییەتی كتێب بە هیچ شتێك لاناچێت، بەردەوام دەبێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
راشیگەیاند: بە دەرفەتی دەزانم باسی چەند بابەتێك بكەم ئەمڕۆ. یەكەم داكۆكی دەكەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی كە شانازی پێوە دەكەین، فەرهەنگی پێكەوەژیان، یەكتری قبووڵكردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی دین، ئازادی مەزهەب. ئەمانە بنەمایەكن كە بە هیچ شێوەیەك موساهەمەیان لەسەر ناكرێت. با هەموو كەسێكیش ئەمە باش بزانێت.
دووپاتیشیكردەوە: هەروەها دێمە سەر وەزعی ناوخۆی هەرێم. تەبیعی، وەزعی هەرێم بەدەر نییە لە وەزعی ناوچەكە بە گشتی، بەڵام لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی كوردستان كە زۆر كەس و زۆر لایەن وایان دەزانی، هەڵبژاردن ناكرێت، یان ئەگەر هەڵبژاردن كرا، گرفتی گەورە ڕوو دەدات، موشكیلەی گەورە ڕوو دەدات. هەڵبژاردن كرا و بە شاهیدی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئەو ڕێكخراوانەی كە هاتبوون، هەڵبژاردنێكی بێ گەرد بوو. هیچ هەڵبژاردنێك لەوانەیە لە دونیادا نەبێت، بێ كەموكورتی، بەڵام موقارەنەتەن بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، هەڵبژاردنێكی زۆر زۆر باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەركەوت. ئێمە ئێستەش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی كە كورسییان بەدەست هێناوە، هەر كەسەو بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێكەوە حكوومەتێك، كابینەیەك دروست بكەین. كوردستان موڵكی هەموومانە و هەمووشمان برای یەكترین، هەموومان كەسی یەكترین.
رونیشیكردەوە: جوان نییە یەكتری بشكێنین، با ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوە بێت، ڕێگەی باشتر پیشانی كابینەت بدات، پیشانی حكوومەت و پەرلەمان بدات. با لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە، لێرەدا جارێكی تر داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم بەشدار بن، بەڵام مەسئولییەتی هەرە گەورە دەكەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی. تا ئێستە هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێت هەرچی زووتر ئیشەكان تەواو بكەن و كابینەكە دروست بكرێت، چونكە وەكوو دەبینین، دەوروبەری ئێمە و لە دونیا هەمووی، قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەش بە ڕێگەوەبن. بۆیە تەنها مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كوردە، كورد و كودستانی. بۆ ئەم مەبەستەش، هەرچی لە تواناماندابێت، دەیكەین. تەوسییەی منیش بۆ هەموو لایەنەكان بە تایبەت بۆ پارتی و یەكێتی، پەلە بكەن لە دروستكردنی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: بە نیسبەت هەرێم و بەغدا و وەزعی عێراق بە گشتی، تا حەددێكی باش هەندێك مەشاكل و گیروگرفت چارەسەركراون بەینی بەغدا و هەولێر، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. هەر وەزعی عێراق بە گشتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، عێراقی تازە لەسەر سێ بنەمای ئەساسی دامەزرا؛ هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. یەعنی شەراكەت، تەوازن و تەوافق. بەداخەوە ئیلتیزامی پێ نەكرا.
هێمای بۆ ئەوەش كرد: كە "كورد ڕۆڵی هەبوو لە نووسینی دەستوور، بەڵام پابەند نەبوون پێیەوە، پابەندنەبوونیشی پێیەوە كێشەی لێكەوتەوە. چارەسەری بنەڕەتی گەڕانەوەیە بۆ دەستوور"، جەختیشی لەوە كردەوە "پێویستە هەموو لایەنەكانی هەرێم و بەغدا ئازایەتییان هەبێت دان بە هەڵەكانی خۆیاندا بنێن و پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی كێشە نەبێتەوە".
لە كۆتاییدا وتی: شەڕێكی گەورە لە ڕێگادایە و شەڕێكی دیكەش لە ئێستا ڕوودەدات، و "هیوای خۆی دەربڕی كە ئەم شەڕانە كۆتایی پێبێت، جا لە فەلەستین بێت یان لە لوبنان".