
بەغدا – INA– نەسار حەج
ئەمڕۆ هەینی ناسر ئەسەدی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری گواستنەوە، ئەركەكانی كۆمپانیاكەیان ڕوونكردەوە كە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ڕێگاوبانی گەشەپێدانەوە هەیە، جەختی لەوە كردەوە كە ئەم كۆمپانیایە لەسەدا سەد عێراقی دەبێت، و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانەوە هەیە.
ئەسەدی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕێگای گەشەپێدان، لێكۆڵینەوەیەك هەبوو بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەك، ئۆرگانێك، یان هەر فۆرمولەیەكی یاسایی بۆ پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان وەك پڕۆژەیەكی جیهانی و ئاماژەی بەوەشكرد، چەند ئەگەرێك لەلایەن ڕاوێژكار و ئەندامانی لیژنەی ڕاوێژكارییەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە، و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە كۆمپانیایەكی تایبەت دەبێت كە پرۆژەكە بەڕێوەدەبات، كە بریتییە لە 100% كۆمپانیای عێراقی، و بەرپرسیار دەبێت لە هەموو لایەنە دارایی و ئەندازیاری و ئابووری و وەبەرهێنانەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد : ئەم كۆمپانیایە بەپێی یاسای كۆمپانیاكان دادەمەزرێت، و پڕۆژەكە بەڕێوەدەبات و سەر بە وەزارەتی گواستنەوە نابێت، بەڵكو كۆمپانیایەكی سەربەخۆ و تایبەت دەبێت كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆكی حكومەتەوە هەیە و یاسا و ڕێنمایی تایبەتی خۆی دەبێت، هەروەها بەرپرسیار دەبێت لەو وەبەرهێنانانەی كە هەن، هەروەها ئەگەر پڕۆژەكە وەك پشك پێشكەش بكرێت، ئەوا ئەم كۆمپانیایە بەرپرسیار دەبێت لە پشكەكان.