
بەغداد - INA - محەمەد تاڵبی
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سەرچاوەكای ئاو، تەئكیدیكردەوە: ڕێككەوتنی چوارچێوەی نێوان عێراق و توركیا بۆ ماوەی دە ساڵ مافی ئاوی عێراق مسۆگەر كردووە.
وتەبێژی وەزارەتەكە خالید شەماڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ڕەوشی ئاو لە عێراق سەقامگیرە، لە ئەنجامی ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەت كە بەشداربوون لە بەهێزكردنی توانای بەڕێوەبردنی ئاو، و وتیشی: هەڵمەتی نیشتمانی گشتگیر بۆ لابردنی پێشێلكارییەكان، كە لەلایەن وەزارەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هێزە ئەمنییەكان جێبەجێكراوە، نزیكەی 80 مەتر سێجا ئاوی لە چركەیەكدا دابینكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵمەتێك هەیە بۆ لابردنی دەستدرێژیكردنە سەر ڕووبارەكان و كەناراوەكان و گۆمەكانی ماسی بێ مۆڵەت، و وتیشی: وەزارەتەكە چەندین ڕێوشوێنی جێبەجێكردووە بۆ بەرزكردنەوەی ڕۆیشتنی ئاو لە ڕووباری فورات، لەوانە خۆراكدانی ڕاستەوخۆ لە ڕووباری دیجلەوە لە ڕێگەی بەنداوی سامەرا، هەروەها پەمپكردنی ئاو لە دەریاچەی سەرسار بە بەكارهێنانی پەمپ.
سەبارەت بە هەوڵە دەرەكییەكانی وەزارەت، شەماڵ ئاشكرایكرد: لایەنی دانوستانكاری مەلەفی ئاو شایەتی گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی بووە، بەو پێیەی بووەتە پرسێكی سەروەری لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیران و لە چوارچێوەی لیژنەیەك كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارە جیاوازەكان، و وتیشی: ئەو ڕێككەوتنە چوارچێوەیەی لە نێوان عێراق و توركیادا واژۆكراوە، مافی ئاوی عێراقی بۆ دە ساڵی داهاتوو زامن كردووە.