
بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی توركیا دەكات و ئاماژەی بەوەشكرد: سەردانەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا.
باڵیۆزی عێراق لە توركیا ماجید لجماوی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: پێشبینی دەكەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەردانێكی گرنگ بۆ توركیا ئەنجامبدات، ئاماژەی بەوەشكرد: سەردانەكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵنانی هاوكارییە ئابووری و وەبەرهێنانەكان بۆ ئاستێكی نوێ.
ئاشكراشیكرد: لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا تیشك دەخرێتە سەر كۆمەڵێك بابەتی ستراتیژی، دیارترینیان پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"، كە وابەستەیی ئابووری بەیەكەوە بەرز دەكاتەوە و هاوبەشییەكی تۆكمە لە نێوان عێراق و توركیا دادەمەزرێنێت، ئەوە جگە لە وزە و گواستنەوە و بازرگانی.
باڵیۆزەكە ئاماژەی بەوەدا: سەردانەكە لە كاتێكدایە كە پێشهاتی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە و ئەمەش وایكردووە ببێتە دەرفەتێك بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییە ئەمنیی و ئابوورییەكان، جەختیشیكردەوە: لە پابەندبوونی عێراق بە بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتن لە یەكتر.
ئاماژەی بەوەشكرد: باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە هەوڵی زۆر دەدات بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و خزمەت بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات دەكات.