باڵیۆزی ڕۆمانیا: هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی هەلی وەبەرهێنان لە عێراق

ئابوری
  • 29-03-2025, 20:23
  • +A -A

    نەجەف ئەلئەشرەف - INA-  حەیدەر فەرمان
    ئەمڕۆ شەممە ڕادو ئۆكتاڤینا دوبری باڵیۆزی كۆماری ڕۆمانیا لە عێراق جەختی لە قووڵایی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو پێشكەوتنانەی لە عێراق بەدەست هاتوون ئاسۆی نوێ بۆ هاوكاری ئابووری و وەبەرهێنان دەكاتەوە.
    باڵیۆزی ڕۆمانیا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: شانازییەكی زۆری پێبەخشیم كە سەردانی شارە دێرینەكە و مەزارگەی ئیمام عەلیم كرد لە نەجەف، هەستم بە قووڵایی ئەو پەیوەندییە باشانە كرد كە هەردوو وڵاتەكەمان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتی كە هەردووكیان بە ئەزموونی دیكتاتۆری پێشوودا تێپەڕیون.
    دووپاتیشی كردەوە : هەندێك كۆمپانیای ڕۆمانی لە ئێستادا هێشتا لە عێراق كاردەكەن، ڕۆمانیاش ئەزموونێكی بەرفراوانی هەیە لە بوارەكانی بازرگانی و دامەزراندنی پڕۆژەی جۆراوجۆر، هەروەها هەوڵدەدات هاوكاری ئابووری لەگەڵ عێراق فراوانتر بكات..
    ئاماژەی بەوەشكرد : بوونی ڕۆمانیا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، كە كۆمپانیایەكی زۆر گەورە لەو وڵاتەدا كاریان دەكرد، بەڵام تەحەددیاتی هێرشە تیرۆریستییەكان و پەتای كۆرۆنا كاریگەرییان لەسەر پێشكەوتنی ئەو پڕۆژانە هەبووە.
    ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: وڵاتەكەی هێشتا دەرفەتی وەبەرهێنانی لە عێراق بەدەست نەهێناوە، و هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەم ڕووەوە پەرە پێبدات، جەختیشی كردەوە ئەو پێشكەوتنەی عێراق بەدەستیهێناوە لە ساڵی 2021ەوە دەرگا بەڕووی هەلی وەبەرهێنانی نوێ و هاوكاریی ئابووری فراوانتر دەكاتەوە.
    سەبارەت بە ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ ڕۆمانیا ڕوونیشیكردەوە كە رێكارەكان بەپێی یاساكانی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدەدرێن، هەروەها وردەكارییەكانی داواكردنی ڤیزا لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی باڵیۆزخانەوە دەستدەكەوێت، هەركەسێك مەرجە پێویستەكانی تێدابێت بەبێ بەربەست ڤیزاكە وەردەگرێت.
    هەروەها ووتیشی: ڕۆمانیا شوێنێكی دڵخوازی خوێندنە بۆ خوێندكارانی عێراقی، ساڵانە نزیكەی هەزار خوێندكار لەوێ دەخوێنن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەهێزی هاوكاری ئەكادیمی نێوان هەردوو وڵاتە.