سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی تیمی نیشتیمانی بۆ وزەی نوێبووەوە دەکات

ئابوری
  • 24-03-2025, 20:27
  • +A -A

    بەغدا - INA
    ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی تیمی نیشتمانی وزەی نوێبووەوەی کرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە"بەڕێزیان فەرمانی دەستپێکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەی کرد لەسەرەتای هاوینی داهاتوودا، هەروەها فەرمانی پێویستی کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ئەم پڕۆژە گرنگانەی کرد لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەبەغداد و پارێزگاکانی دیکەش، بەهەماهەنگی نێوان تیمی نیشتمانی بۆ وزەی نوێبووەوە و دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و کۆنتڕۆڵکردنی پڕۆژەی کۆکردنەوە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا".
    لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە، كە : "لەکۆبوونەوەکەدا چەند پڕۆژەیەک تاوتوێکران لەوانە پڕۆژەی گۆڕینی بینا حکومییەکان بۆ کارکردن بە وزەی خۆر، هەروەها تاوتوێی پڕۆژەی چارەسەری زیرەک کرا لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بدور و ناردنی تەندەری پڕۆژەکان کە 100 قوتابخانە و 5 بنکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت بۆ گۆڕینی بەرەو بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە و ئامادەکردنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و تیمی نیشتمانی بۆ وزەی نوێبووەوە بۆ دەستپێکردنی چارەسەری زیرەک و خێرا بۆ وزە" .
    بەگوێرەی بەیاننامەكە : "هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەردوو دیوی ڕسافە و کەرخ درا بە توانای 20 مێگاوات بۆ هەر وێستگەیەک و وەزارەتی کارەبا دەست بکات بە دانانی دوو وێستگەی تر، هەریەکەیان بە توانای 3 مێگاوات، لەچوارچێوەی پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆر لەشوێنی قەنات جەیش.