سەرۆک وەزیران فەرمان دەکات بۆ پەلەکردن لە پرۆسەی چاکسازی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان

سیاسی
  • 23-03-2025, 14:30
  • +A -A

    بەغدا - INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران،فەرمانیدا بە خێراکردن لە پرۆسەی چاکسازی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە :  "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیای ئێرنست ئەند یۆنگ ،سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ دواداچوونی ڕێکارەکانی چاکسازی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کرد .
    بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بە قۆناغەکانی کار لە بابەتی چاکسازی بانکەکان کرد کە حکومەت پەیڕەوی دەکات بۆ ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید، هەروەها تاوتوێی پێداچوونەوەی سیستمی ناوخۆی هەردوو بانکەکە کرا بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئامانجەکانی چاکسازی بانکی، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی قەرزەکانی تایبەت بە هەردوو بانکەکە و میکانیزمەکانی دانەوەیان، و ڕێکارەکانی گیراونەتەبەر بۆ ڕاهێنانی کادیرەکانی هەردوو بانکەکە.
    بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە:  سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دا بە بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی بۆ هەردوو بانکەکە، و بەڕێوەبردنیان بۆ دانانی ئەو ستراتیژیەتانەی کە بەشدار دەبن لە خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی.
    هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لە کۆبوونەوەکەدا  بەدواداچوون بۆ  ڕێکارەکانی دامەزراندنی بانکێکی نوێ کرا  بە ناوی بانکی ڕافیدەینی یەکەم، بە دیدێکی جیاواز کە تەکنەلۆژیای نوێ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو دەکات کە یارمەتیدەر دەبن لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی حکومەت لە چاکسازی دارایی و بانکی، بەشێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بواری ئابووری و جووڵەی گەشەپێدان لە وڵاتدا.
    هەروەها  لەکۆبونەوەکەدا کۆمپانیای (ئێرنست ئەند یۆنگ) ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد کە تێیدا  خەرجی دارایی و تەکنیکییەکانی بۆ پرۆژەی دامەزراندنی بانکی ڕافیدەین یەکەم خستەڕوو.