
بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام عەلی (سەلامی خوای لەسەر بێت)، سەرەخۆشی لە هەموو جیهانی ئیسلامی كرد.
سەرۆك كۆمار لە تویتێكدا لە پلاتفۆرمی (X)، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بە دواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: لە ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام عەلی بن ئەبی تاڵب (سەلامی خوای لەسەر بێت)، پرسە و سەرەخۆشی دڵسۆزانەمان ئاراستەی هەموو جیهانی ئیسلامی دەكەین، بە وەبیرهێنانەوەی ژیاننامە مرۆڤدۆستیەكەی وەك داكۆكیكارێك لە ستەملێكراوان و دامەزراندنی دادپەروەری و یەكسانی.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم بۆنە خەمبارە داوا لە هەموومان دەكات ئەو بەها بەرزانە بە بیربهێنینەوە كە ئیمام بە درێژایی ژیانی خۆی پشتگیری لێكردوون، لە بەرزڕاگرتنی ڕاستی و بەرەوپێشبردنی بنەماكانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیكردنی ستەملێكراوان و خزمەتكردنی خەڵك.