
بەغداد - INA - حەسەن فەواز
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆ دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی تاوان لە عێراق ڕاگەیاند، و دووپاتیشیكردەوە: دۆخی ئەمنی لە دوای ساڵی 2003ەوە لە باشترین ئاستیدایە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ عەمید میقداد میری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاند: ئاسایشی ناوخۆی عێراق لە ساڵی 2003ەوە لە باشترین ئاستی خۆیدا بووە، كە ڕێژەی تاوانەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و پلەیەكی بەرزی كۆنتڕۆڵكردنی تاوان لە كۆمەڵگەدا هەیە، و تەئكیدیشیكردەوە: وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی بەرچاوی ناوە لە باشتركردنی دۆخی ئەمنی.
رونیشیكردەوە: وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری رێنمایی دەركرد بۆ سنوورداركردنی بەكارهێنانی دەزگای سەربازی لە شارەكان و كشانەوەی بۆ بارەگاكانیان، و وتیشی: ئامانجی ئەم ڕێنماییە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگایانە نییە، بەڵكو دوورخستنەوەیە لەسەر شەقامەكان. ئامانجمان سنوورداركردنی بوونی ئەمنییە لەسەر شەقامەكان بۆ پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی فریاكەوتن و دەزگاكانی هەواڵگری.
دووپاتیشیكردەوە: دۆخی ئەمنی عێراق سەقامگیرە، ژیان بەشێوەیەكی ئاسایی بە درێژایی كاتژمێر بەردەوامە، پێویستمان بە كاروانی ئۆتۆمبێلی سەربازی یان چەكی قورس نییە، بەو پێیەی بەرپرسیارێتی ئەمنی وردە وردە دەگوازرێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ پلانە ئەمنییەكان كە دووربكەوێتەوە لە سەربازیكردنی شارەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد: ڕێژەی تاوان بەشێوەیەكی گشتی دابەزیوە و عێراق دۆخێكی ئارام و سەقامگیریی ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت جگە لەبوژانەوەی ئابووری و بازرگانی بەرچاو و زیادبوونی سەردانی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە كە ڕەنگدانەوەی باشبوونی ڕەوشی ئەمنی وڵاتە.