
بەغدا - INA
ڕۆژی دووشەممە تەیف سامی، وەزیری دارایی پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ پەسەندکردنی باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی قەرزە گشتییەکان، هاوکات ئاماژەی بە خواستی عێراق کرد بۆ سوودمەندبوون لە شارەزایی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاندووە، "تەیف سامی وەزیری دارایی بەشداری لە چواردەهەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردنی قەرزەکان کردووە، کە لەلایەن کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) ڕێکخرابوو، و لە 17 تا 19ی ئازاری 2025 لە جنێڤ بەڕێوەچوو".
لە میانی کۆنفرانسەکەدا، سامی "پابەندبوونی وەزارەتی دارایی بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئەدای دارایی و ئابووری کۆماری عێراق دووپاتکردەوە، لە هەوڵێکدا بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ هاووڵاتیان، ئاماژەی بەوەشکرد کە "کۆنفرانسەکە نوێنەرایەتی سەکۆیەکی ستراتیژی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی باشترکردنی بەڕێوەبردنی قەرزەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی دروست، کە بەشدارن لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری دارایی و ئابووری وڵات".
ئەو پێزانینی خۆی بۆ "هەوڵەکانی UNCTAD دەربڕی لە ڕێکخستنی ئەم بۆنە گرنگەدا، کە دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی بواری بەڕێوەبردنی قەرزەکان".
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا وەزیری دارایی لەگەڵ ڕێبێکا کرینسپان سکرتێری گشتی کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "هەردوولا باسیان لە ئاسۆی هاریکاری نێوان عێراق و ڕێکخراوەکە کرد لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی قەرزەکان و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دارایی بەردەوام".
سامی جەختی لە "گرنگی ئەو پاڵپشتییە تەکنیکییە کردەوە کە ڕێکخراوەکە پێشکەشی وڵاتانی تازەپێگەیشتو دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "عێراق بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی سوودوەرگرتنە لە شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا".
هەروەها وەزیر لەگەڵ پاولۆ جێنتیلیونی، بەڕێوەبەری کارگێڕی پێشووی بەشی کاروباری ئابووری بانکی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و باسی لە ئاستەنگە ئابوورییەکانی ئێستا و گرنگی پەرەپێدانی سیاسەتی دارایی نەرم و نیان کرد کە بەشدارە لە گەیشتن بە سەقامگیری ئابووری.
سامی پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە پەسەندکردنی باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی قەرزە گشتیەکاندا دووپاتکردەوە، سوودەکانی فێربوون لە ئەزموونە ئەوروپییەکان لەم بوارەدا ستایشی کرد.
بەشداری وەزیری دارایی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دێت بۆ بەهێزکردنی میکانیزمی بەڕێوەبردنی قەرزی گشتی و داڕشتنی ستراتیژی دارایی بەگوێرەی باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان، جگە لە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بۆچوون لەگەڵ بەشداربووانی وڵاتانی جیاجیا بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری ئابووری و دارایی نێودەوڵەتی.