
بەغدا - INA
ڕاپۆرت: محەمەد تالبی - نەسار ئەلحاج
وەرگێرانی : کەوگەز ئەلبەحری
ئەو تاوانانەی ڕژێمی بەعسی سەددامی دژ بە گەلی عێراق ئەنجامی دان هەرگیز لەبیر ناکرێن،کە کۆمەڵکوژییەکانی (هەڵەبجە و ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ڕاپەڕینی شەعبانییە و تیرۆرکردنی زانایان و بە ئامانجگرتنی حزبەکان) بوون.
ئەم تاوانانە لە سەدان گۆڕی بەکۆمەڵدان کە ڕژێمی ڕووخاو پێش ساڵی 2003 ئەنجامی داون، هەروەها ئەو تاوانانەی تیرۆر پێش و دوای ساڵی 2014ئەنجامی داون. هێشتا ڕێکارە دادوەری و حکومییەکان دژی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەردەوامن،کە بوونەتە پەڵەی شەرمەزاری لە مێژووی ئەو ڕژێمە تاوانکاریە کە لە فەرهەنگی چەمکی مرۆڤایەتیدا نەبوو.
لەم بارەیەوە"عەبدولئیلا نائیلی" سەرۆکی دەزگای شەهیدان بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA)ی وت: یاسای دەزگای شەهیدان و یاسای قوربانییانی تیرۆر، کۆمەڵێک مافی ماددی و مەعنەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان لەخۆ گرتوە کە بە مووچەی خانەنشینی بۆ هەموو توێژەکانی شەهیدان دەستپێدەکات، چ شەهیدانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بن یان شەهیدانی تیرۆر یان شەهیدانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا کە هەموو ئەمانە لە مووچەدا یەکسانن و مانگانە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوونمان بۆ دابین کردوون و کەسوکاری شەهیدانیش بە یاسای دڵنیایی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە.
نائیلی ووتیشی : دەزگای شەهیدان ناتوانێت هەموو خواستەکانی خێزانی شەهیدان بەهۆی کەمی بوجەوە لە خۆ بگرێت ، ئاماژە بەوەشدەکات : کەبدەزگاکە کار لەسەر چالاککردنی سندوقی شەهیدان دەکات کە لە ساڵی 2024 دامەزراوە بۆ پشتگیریکردنی بەرنامەکانی تایبەت بە کەسوکاری شەهیدان.
"نائیلی " ڕوونیکردەوە کە دەزگاکە لینکی دڵنیایی تەندروستی بۆ کەسوکاری شەهیدان لە ڕێگەی دەروازەی ئوور کردووەتەوە، پاشان دەزگاکە دەست دەکات بە جیاکردنەوەی ژمارەکان بە ڕێککەوتن لەگەڵ نەخۆشخانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دڵنیابوون لە چاودێری خێزانی شەهیدان، جگە لە بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ڕووخاو و پێشێلکارییەکانی داعش و قاعیدە و تیرۆر.
ڕوونیشیکردەوە : کە پەسەندکردنی خێزانی شەهیدان کراوە و تۆماری نیشتمانی بۆ بێسەروشوێنان دامەزراوە کە بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کاری لەسەر دەکات بۆ ژماردنی ژمارەی بێسەروشوێنان،چ لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو یان بێسەروشوێنانی دوای ساڵی 2003, بۆ بەڵگەدارکردنی ئەو پێشێلکارییانەی دژی گەلی عێراق ئەنجام دراون و داواکردنی مافە داراییەکانی کەسوکاری قوربانییان.
◾گۆڕە بەکۆمەڵەکان
"زیا کەریم" بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA)ی ووت: دوو جۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، یەکەمیان تایبەت بە تاوانەکانی حزبی بەعس و لە دیارترین ئەو شوێنانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە، بیابانی سەماوەیە کە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارەیەکی زۆر زۆر لەخۆدەگرن و سەرجەمیان ژن و منداڵن.
ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەم گۆڕانە قەبارەیان بچووکە و ژمارەی قوربانییەکان زۆر زۆرن،کە نیشانەی ئەوەیە کۆمەڵکوژییەکە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەنجامدراوە، و ئێسکەکان تێکەڵی یەکتربوونە.
کەریم دەشڵێت : ژمارەی گشتی شوێنەکان پێش و دوای ساڵی 2003گەیشتووەتە (221) شوێن بە واقیعی (96) شوێن هی ڕژێمی بەعسە و (125) شوێن لەلایەن تیرۆر و داعشەوە ئەنجامدراوە ، کە ژمارەی گشتی شوێنە هەڵدراوەکان گەیشتووەتە (134) شوێن، کە (80) شوێن هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و (54) شوێن لەلایەن تیرۆر و داعشەوە بووە.
هەروەک وتی :ژمارەی گشتی شوێنە هەڵنەدراوەکان (87) شوێنە کە (16) شوێن هی دەستی ڕژێمی بەعسە و (71) شوێن هی دەستی تیرۆر و داعشە.
کەریم لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : ژمارەی گشتی گۆڕە کراوەکان گەیشتووەتە (300) گۆڕ بە واقیعی (160 ) گۆڕ بۆ ڕژێمی بەعسی و (140) گۆر لەلایەن تیرۆر و داعشەوە، هەروەها ژمارەی گشتی پاشماوەی هەڵگیراوی گۆرەکان گەیشتووەتە (7709) پاشماوەی گۆرە بەکۆمەڵ، کە تیایدا (4451) لە پاشماوەی تاوانەکانی ڕژێمی بەعسەو (3258 ) گۆر لە پاشماوەی تاوانەکانی تیرۆر و داعشە.
◾گۆڕی دەستی تیرۆر
کەریم ئاماژەی بەوەشدا: کە دیارترین شوێنی تایبەت بە قوربانییانی تاوانەکانی تیرۆر یان داعش، گۆڕی (بیری عەلو عەنتەر)ە لە موسڵ، ئەم گۆڕە حاڵەتی زۆری قوربانیانی تێدا بوو و تەرمەکان و پاشماوەکان نەڕزیبوون بەڵکو وەکو مۆمیا وابوون بەهۆی هۆکاری زانستی چونکە زەوییەکە نزمە و کوشتنەکان لە زستاندا ئەنجام درابوون، هێشتا ژمارەیەکی زۆر هەن،هەروەها ڕوونیکردەوە کە هەڵگرتنی تەرمەکان لەم گۆڕەدا هێشتا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایاری داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ هەڵگرتنی ئەو پاشماوەی کە ماوە.
◾ڕێکارە حکومییەکان
کەریم لە درێژەی قسەکانیدەروونیدەکاتەوە : کە بەشی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوامە لە دروستکردنی تۆمارێکی یەکگرتوو بۆ بێسەروشوێنان و هەر کە تۆمارەکە تەواو بوو، ژمارەی قوربانییە بێسەروشوێنەکان لە عێراق لە نێوان ساڵەکانی پێش 2003و دوای 2003دەزانرێت.
ئاشکراشیدەکات : کە نوێترین گۆڕ لە بیابانی سەماوەیە و لە کاتی کردنەوەی گۆڕی دووەمدا، شیکاری وێنەی ئاسمانی و گەڕان لە ناوچەی دەوروبەری ئەم گۆڕە ئەنجام دراون و شوێنی نوێی تر و هێشتا نزیکەی 7 بۆ 8 شوێنی تر هەن.
کەریم دەشڵێت : ئەم دۆسیەیە زۆر گرنگە و پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و کارکردن لە ناوچەی دوورە دەست هەیە کە هێشتا پێشێلکاری ئەمنی تێدا ڕوودەدات لە بارودۆخی ژینگەیی سەخت و قووڵایی گەورە و پاشماوەی تێکەڵاو، کە پێویستی بە تەرخانکردنی پارە و ستافی مرۆیی هەیە، جگە لە پێویستی پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە کارەکە تەنها کردنەوەی گۆڕەکان نییە، بەڵکو بەڵگەدارکردنی شوێنی تاوانەکە و بەڵگەدارکردنی حاڵەتێکی تاوانکارییە کە بریتییە لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە دەروازەیەک بێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەڵگەدارکردنەکە.
◾دادگایکردنی تاوانباران
"عەباس عەقابی" پسپۆڕی یاسایی،داوای لە حکومەت کرد چاو بە پەیوەستبوون بە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا بخشێنێتەوە.
عەقابی بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA)ی ووت: عێراق لە مەسەلەی پەیوەستنەبوونی بە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی کە تایبەتە بە دادگاییکردنی داواکراوە نێودەوڵەتییەکان زەرەرمەند بووە،چونکە لە ساڵی 2005 لەم دادگایە کشایەوە،جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەم دادگایە و هەروەها پەیوەست بێت بە ڕێککەوتننامەی ڕۆما تاکو دادگاکە بتوانێت دادگایی ئەو کەسانە بکات کە تاوانیان دژی گەلی عێراق ئەنجام داوە، چونکە لە مەرجەکانی ئەم دادگایە ئەوەیە کە پەیوەندیدار بێت بە کەیسەکانی وڵاتانی ئەندام تێیدا.
▪دادگاکان
"حەیدەر زالمی" پسپۆڕی یاسایی،بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA)ی ووت: دەوڵەت بە هەموو ئامرازێک کار دەکات بۆ دادپەروەری سزادانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی کە ڕژێمی بەعسی ئەنجامیداوە، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگای باڵا تاوانەکان بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 ی تایبەت بە دادگاییکردنی پیاوانی ڕژێمی لەناوچوو و هەروەها بینینی هەموو ئەو تاوانانەی دژی هاوڵاتیان ئەنجام دراون، بەڵام یاسای ئەم دادگایە هەڵوەشێنرایەوە و دادگاکە بوو بە دەستەیەکی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، و کەیسەکانی پەیوەندیدار بەو تاوانانە بوون بە دەسەڵاتی دادگای تاوانەکانی ناوەند.
"زالمی " لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : حکومەت خوازیارە چارەسەری چەندین تاوان بکات کە هێشتا چارەسەر نەکراون، لە ڕێگەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و هەروەها دەستگیرکردنی بەشێک لە تاوانباران کە سەرکردەی گەورەن لە ڕژێمی ڕووخاو و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان لەو شوێنانەی کە کۆمەڵکوژییەکانی تێدا ئەنجام دراون.
پەیوەست بەو پرسە "عەلی تەمیمی"ـشرۆڤەکاری سیاسی،بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA)ی وت : پێویستە عێراق ببێتە ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ڕۆما کە سەر بە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتییە تاکو بتوانێت لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەنجامدەرانی تاوانەکان لە عێراق لە ساڵی 2003 وە بکات و هەموو تاوانباران دادگایی بکات، چونکە ئەم تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات لە ناو ناچن.