
بەغداد - INA - حەیدەر فەرمان
ئەمڕۆ سێشەممە، باڵیۆزی كۆماری ئەرمینیا لە عێراق روبین سۆغۆیان، رایگەیاند: عێراق هاوبەشێكی گرنگی ئابوورییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سۆغۆیان لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای نەجەفی ئەشرەف، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: قۆناغی ئێستا شاهیدی كاراكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پتەوكردنی هاوكارییە لە بوارە جیاجیاكان، لەوانە سیاسی، ئابووری و بازرگانی، هەروەها گەشتیاری و ڕۆشنبیری، و وتیشی: عێراق هاوبەشێكی گرنگی ئابوورییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بەوەشكرد: گۆڕانكارییە ناوچەیی و جیهانییەكان كاریگەرییان لەسەر سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات نەبووە، هەروەها حكومەتی ئەرمینیا بەردەوامە لە فراوانكردن و قووڵكردنەوەی هاوكارییەكان لەگەڵ عێراق، و وتیشی: هاوكاری بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەكنەلۆژی و لێكۆڵینەوە لە بوارەكانی گۆڕینی دیجیتاڵی و كشتوكاڵی زیرەك و وزەی نوێبووەوە و پاككردنەوەی ئاو لەخۆدەگرێت.
ڕوونیشیكردەوە: ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكارانی عێراقی لە زانكۆكانی ئەرمینیا دەخوێنن، چ حكومی بێت یان تایبەت، لە بوارەكانی ئەندازیاری و پزیشكی و زانستە مرۆییەكان، و وتیشی: حكومەتی ئەرمینیا هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانكارییەكیان بۆ دابین دەكات.
هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامی هاوكاری پەروەردەیی لەڕێگەی واژۆكردنی ڕێككەوتنی دوولایەنە لە نێوان زانكۆكانی هەردوو وڵاتدا كردەوە.