بەغداد – ا ه ع دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ دوو شەممە، تانەی نادەستوری بوونی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەی سەربەخۆ بۆ 27ی ئەم مانگە دواخست. لای خۆیەوە ئیاس سامۆك وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، رایگەیاند:" دادگای فیدراڵی بە سەرۆكایەتی دادوەر مەدحەت مەحمود تاوتوێی سكاڵای وەزیری نەوتی عێراق دژ بە هەرێمی كردووە كە تیایدا ناردنە دەرەوەی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ بە كارێكی نادەستوری لەقەڵەمداوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دادگاكەدا نوێنەری هەموو لایەنەكانی سكاڵا ئامادەبوون و دواتر نوێنەری حكومەتی هەرێمی داوایكردووە كە دانیشتنكەی دادگا دوابخرێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە وەڵامی گونجاوی دەست بكەوێت و دادگاش بڕیاریدا دوا مۆڵەتی پێبدات و 10 رۆژ پێش وادەی دانیشتنی داهاتوو وەڵامەكان بگەڕێنێتەوە ئەگەرنا پشت بەو وەڵامانە نابەسترێت". باس لەوەشكردووە، لەسەر داوای ئەوان دادگاكە بۆ رۆژی 27ی ئەم مانگە دواخراوە.