
بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، تاوتوێی بەهێزكردنی رێوشوێنەكانی پەیوەست بە ئاسایشی سنووری نێودەوڵەتی كرد.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەباح نوعمان، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی خولی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد،و تیادا بارودۆخی ئەمنی گشتی وڵات تاوتوێ كرا، و بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست سەبارەت بە كۆمەڵێك بابەت كە لە بەرنامەی كاردا بوون درا.
هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، لە میانەی دیدارەكەدا، گفتووگۆكرا لەبارەی بەرزكردنەوەی رێوشوێنەكانی پەیوەست بە ئاسایشی سنووری نێودەوڵەتی، و بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەك لەو ڕووەوە، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر (ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سنوور)، بەمەبەستی پاڵپشتی و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەكان، و سنوورە وشكانی و دەریاییەكانی عێراق، و گەیشتن بە ئامانجی سەرەكی ئەم ستراتیژە، كە بریتییە لە بەرزكردنەوەی ئاسایشی نیشتمانی، و پێشكەشكردنی ڕێنمایی و زەمینەی گونجاو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەو دەزگایانەی كە بەشدارن لە بەڕێوەبردن و پاراستنی سنوورەكان، و تەئكیدكردنەوە لە پابەندبوونی عێراق بە پرەنسیپ و بڕگەكانی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، و هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان دەستەبەركردنی سەلامەتی و ئاسایشی سنوورەكان لە لایەك و ئاسانكاری هاتووچۆ و گەشتیاری و بازرگانی و وەبەرهێنان لە لایەكی دیكەوە، بۆ پاڵپشتیكردنی ئابووری عێراق.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەنجومەنەكە، لە تەوەرێكی دیكەدا تاوتوێی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی كاركردنی بۆ روبەروبوونەوەی توندڕەوی و چاكسازیی دەروونی و كۆمەڵایەتی و فیكری كرد، بە پشتبەستن بە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە: كۆبوونەوەكە شایەتحاڵی جەختكردنەوە بوو لەسەر بەردەوامی جێبەجێكردنی پێكهاتەكانی ئەو پلانانەی كە بۆ دەستەبەركردنی كەشی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز داڕێژراون، و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دابینكردنی هەلومەرجی سەلامەت و گونجاو بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لە ڕۆژانی ئەم مانگە پیرۆزەدا.