
بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەڵوەشاندنەوەی مەترسیدارترین تۆڕی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و دەستبەسەرداگرتنی كۆگا سەرەكییەكەی لە بەغداد ڕاگەیاند.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: لە چوارچێوەی زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتی كە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەدواداچوونی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان ئەنجامیداوە، هەروەها دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری، مەفرەزەكانمان توانیان یەكێك لە مەترسیدارترین تۆڕە تاوانكارییەكانی تایبەت بە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە بەغدای پایتەخت هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش دوای 3 مانگ بەدواداچوونی وردی هەواڵگری و هەوڵی مەیدانی بەدەوام ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەندامی تۆڕەكە، هەروەها لەڕێگەی ڕەوتی لێكۆڵینەوەكانەوە مەفرەزەكانمان توانیان سەرجەم ئەندامەكانی دەستگیربكەن، كە ژمارەیان (9) تۆمەتبارە كە نوێنەرایەتی توخمە سەرەكییەكانی ئەم تۆڕە تاوانكارییە دەكەن.
تەئكیدیشیكردەوە: لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لەگەڵ تۆمەتبارەكان بووە هۆی دۆزینەوەی كۆگای سەرەكی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر، لەنێویاندا سێ كیلۆ و نیو ماریجوانا و 220 سندوقی پلاستیكی كە كۆكاینیان تێدابوو، جگە لە چەكێكی جۆری دەمانچە و دواتریش 458 پارچەی جۆری LSD دۆزرایەوە كە لە ماڵی یەكێك لە تۆمەتبارەكاندا شارابوەوە، و رونیشیكردەوە: سەرجەم تۆمەتباران لەگەڵ كەلوپەلەكانی دەستبەسەرداگیراو ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند كران بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان بەپێی یاسا.