
بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، قەبارەی قەرز و پێشینەکانی کەرتی بانکی عێراق بە ڕێژەی (5.4%) زیادی کردووە.
بانکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بؤ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، "قەرز و پێشینەکان لە ماوەی چارەکی کۆتایی ساڵی 2024دا گەشەیەکی بەرچاویان لە عێراق بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی بە ڕێژەی (5.4%) زیادیکردووە و گەیشتووەتە (64.12) ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا (60.81) ترلیۆن دینار بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ڕێژەیە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی توانای تاک و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەى وەبەرهێنان و بازرگانییەکانیان"، هەروەها ئاماژەیدا كە "ئەمەش لە بەرامبەردا چالاکیی ئابووری هاندەدات و بەشدارە لە ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ".