
بەغدا-INA
وەفدی وەزارەتی دارایی عێراقی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عەممان لە نێوان 24 بۆ 26ی شوباتی 2025 کۆتایی هات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ،تیایدا هاتووە : لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەچەند خاڵێک کرایەوە کە بریتین لە :
- گەشەیەکی بەرچاو لە بەرهەمی ناوخۆیی جگە لە نەوت بە ڕێژەی 5% بۆ ساڵی 2024 تۆمار کرا، لەگەڵ پێشبینی بەردەوامبوونی گەشە بە ڕێژەی 3.5% لە ساڵی 2025
- سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پشتگیری خۆی بۆ عێراق دووپات کردەوە لە گەشەپێدانی سیاسەتی دارایی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پسپۆڕ بۆ یارمەتیدانی وەزارەتی دارایی
- کۆبوونەوەکە تاوتوێی نوێکردنەوەی ستراتیژی قەرزی گشتی کرد بە میکانیزمێک کە بەردەوامی دارایی گشتی و متمانەی وەبەرهێنەران دەستەبەر بکات.
- ڕێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ بانکە بیانییەکان و بەهێزکردنی بەکارهێنانی دیناری عێراقی لە مامەڵە گەورەکاندا.
- حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەدیهێنانی بەردەوامی دارایی کە پشتگیری گەشەسەندن و هاندانی وەبەرهێنان دەکات.