عەبدولغەنی: ڕێوشوێنی ئاسانكاری بۆ كاری كۆمپانیاكان لە كێڵگە نەوتییەكان

ئابوری
  • 1-03-2025, 17:53
  • +A -A

    بەغدا -  INA
    ئەمڕۆ شەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت دووپاتی كردەوە كە حكومەت جدییە لە پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا نەوتییەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگە لۆجستیەكان و  ئاماژەی بەوەشكرد وەزارەت ڕێكارەكانی بۆ كارئاسانی بۆ كارەكانی ئەو كۆمپانیایانە جێبەجێكردووە، كاریش هەیە بۆ ئامادەكردنی توێژینەوەیەك بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگەكان.
    عەبدولغەنی لە بەیاننامەیەكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: وەزارەتەكە لە وەڵامی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی كاردەكات بۆ ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو كۆمپانیایانە دەبنەوە كە لە كێڵگە نەوتییەكاندا كاردەكەن، بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە.
    ئاماژەی بەوەشكرد : توێژینەوەكە شیكارییەكی وردی ئاستەنگەكانی بەردەم كۆمپانیاكان لەخۆدەگرێت كە دیارترینیان ڕێكارەكانی وەرگرتنی ڕێگاپێدانی چوونە ژوورەوەیە بۆ كرێكاران، جگە لە مۆڵەتی ئەمنی و ڕەزامەندی پێویست بۆ چوونە ناو شوێنە نەوتییەكان، بەو پێیەی هیچ كەسێك بۆی نییە بچێتە ناو ئەو كێڵگانە بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە.
    عەبدولغەنی ووتیشی : وەزارەتی نەوت هەنگاوی ڕاستەقینەی ناوە بۆ خێراكردنی پڕۆسەی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمنی، هاوكات كار بۆ چارەسەركردنی ئەو تەحەددای لۆجستییانە دەكات كە ڕێگرن لە كاری هەندێك كۆمپانیا، لەوانەش ئەو ئامرازانەی گواستنەوە بەكاردەهێنرێن بۆ دابینكردنی كەرەستەی پێویست بۆ گرێبەستە نەوتییەكان، هەروەها ئەم ڕێوشوێنانە ئامانجیان ئاسانكارییە بۆ كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە.
    ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی فراوانتر لە پارێزگای بەسرە بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی كاركردن بوونەتەوە، بە ئامانجی پەرەپێدانی چارەسەری كردەیی كە بەشدارن لە ئاسانكاریی كارەكانیان لەناو شوێنە نەوتییە جیاوازەكانی بەسرە و باقی پارێزگاكان.
    عەبدولغەنی جەختیشی لەوە كردەوە : وەزارەتی نەوت جدییە لە لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كۆمپانیاكان، و بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆك وەزیران بە شێوەیەكی چالاكانە بەشداری لە ئامادەكردنی توێژینەوەكەدا دەكات بۆ دڵنیابوون لە ئاسانكردنی ڕێكارەكان و بەرزكردنەوەی ژینگەی كاركردن لە كەرتی نەوتدا.
    چوارشەممەی ڕابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەكی كرد سەبارەت بە سروشتی ئاستەنگەكانی بەردەم كاری كۆمپانیا نەوتییەكان لە بەسرە، هاوكات سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان و بەڵێندەرانی لاوەكی تێدابوو كە لە ژمارەیەك پڕۆژەی نەوت لە پارێزگای بەسرە كاردەكەن.