دەزگای ئاسایشی نیشتمانی پێش مانگی ڕەمەزانی پیرۆز هەڵمەتێکی چاودێری بازاڕه‌كان دەستپێدەکات

ئەمنی
  • 27-02-2025, 16:43
  • +A -A

    بەغدا - INA

    ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستپێکردنی هەڵمەتێکی چاودێری بازاڕه‌كان پێش مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ڕاگەیاند، کە بڕیارە لەماوەی مانگی پیرۆزدا بەردەوام بێت.

    دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا ڕایگەیاندووە، "لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هاوکاری لەگەڵ بەشی کۆنتڕۆڵی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی و بەشی کۆنتڕۆڵی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتێکی چاودێری تۆکمەی دەستپێکرد".

    لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئامانجی کەمپەینەکە چاودێریکردنی نرخەکانە لە بازاڕەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی دەستکاریکردن یان ئیستغلالکردنی هاوڵاتیان، جگە لە پشکنینی ماددە خۆراکیەکان و دڵنیابوون لە سەلامەتی و گونجاوییان بۆ خواردنی مرۆڤ،هەروەها لە هەڵمەتەکەدا بەرنامەیەکی هۆشیاری لەخۆدەگرێت بۆ پەروەردەکردنی هاوڵاتیان و داوایان لێبکرێت هەر حاڵەتێکی دەستکاریکردنی نرخەکان ڕاپۆرتبکەن، بە پەیوەندیکردن بەو هێڵە گەرمەی کە بۆ وەرگرتنی سکاڵا دیاریکراوە".

    هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌، "هەڵمەتەکە بە درێژایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخەکان و دابینکردنی پێداویستی خۆراکی سەلامەت بۆ هاوڵاتیان".

    لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەزگاکە توانیویەتی، له‌ مانگی شوباتدا، و لەڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بە "جۆرایەتی" وەسفکراون لە پارێزگا جیاجیاکان، دەست بەسەر 218 تۆن کەلوپەلی خۆراکی ماوەبەسەرچوودا بگرێت کە شیاو نییە بۆ خواردنی مرۆڤ، کە بەپێی ڕاپۆرتە فەرمیەکانی دەستبەسەرداگرتن دەستی بەسەردا گیراوە و لەناوبراون، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا.