
بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیركردنی 10 تۆمەتباری گروپی توندڕەوی قوربانی لە پارێزگای میسان ڕاگەیاند.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێكی پێشوەختەدا، مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای میسان توانیویانە پیلانێكی خۆكوژی پووچەڵبكەنەوە و 10 كەسی سەر بە گروپی توندڕەوی قوربان دەستگیربكەن، كە ڕێوڕەسمی مەترسیدار ئەنجام دەدەن كە بریتین لە هەڵبژاردنی یەكێك لە ئەندامەكانی بە تیروپشك بۆ ئەوەی كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت بە هەڵواسینی وەك جۆرێك لە قوربانیدان.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: ئۆپەراسیۆنەكە دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری دروست بووە سەبارەت بە نیازی گروپەكە بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە توندڕەوەكانی، بەو پێیەی تیروپشكەكە كەوتۆتە سەر كەسێك بەناوی (ع.ص)، كە بڕیاربوو لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا خۆی هەڵواسێت.
راشیگەیاند: دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەر، مەفرەزەكانمان جووڵەیان كرد و توانیمان ئامانجەكە لە یەكێك لە كافێیەكانی ناوەندی پارێزگاكە دەستگیربكەن. لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا، تۆمەتبارەكە دانی بەوەدا ناوە كە پەیوەندی بە گروپی قوربانەوە هەیە، هەروەها وردەكاری چالاكییەكانی و ناوی ئەو كەسانەی تێوەگلاون لەو گروپەدا ئاشكرا دەكات، ئەمەش وایكرد مەفرەزەكانمان بتوانن ئۆپەراسیۆنەكانیان فراوانتر بكەن و نۆ كەسی دیكەی تۆمەتبار گروپە توندڕەوەكە دەستگیر بكەن.
رونیشیكردەوە: سەرجەم تۆمەتبارەكان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كارامەكراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان بەپێی یاسا.