
بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی لە بەسرە ڕاگەیاند.
دەزگاكە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ناردوە، دەڵێت: بە هەوڵی ناوازە و بەدواداچوونی تەکنیکی لەلایەن مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگری تایبەتمەند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پارێزگای بەسرە، توانیان بەدواداچوون بۆ ئەو زانیاریانە بکەن کە ئاماژە بە بوونی کەسێکی ڕەگەزنامەی بیانی دەکات کە دەیەوێت بێتە ناو عێراقەوە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە دێت، كە كیس نایلۆنی شاردوەتەوە کە مادەی هۆشبەر (کریستاڵ)ی تێدابووە، رونیشیكردەوە: بۆسەیەکی توندی بۆ دانراو لەکاتی هاتنە ناوەوەی بۆ عێراق لە پارێزگای بەسرە دەستگیرکرا.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: کاتێک لایەنە پەیوەندیدارەکان پشکنینیان بۆ کردووە، دەرکەوتووە کە زانیارییەکان ڕاستن، بەو پێیەی ئەو کیسانەی کە ماددە هۆشبەرەکانی تێدابووە لە جەستەی دەرهێنراون، هەروەها کاتێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، بەڕاشکاوی دانی بەوەدا ناوە کە ئەو ماددانە بۆ فرۆشتنی بە خەڵکی ناو عێراق هێناوە.
رونیشیكردوە: دەستبەجێ تیمێکی کار پێکهێنرا و شوێنی (2) تۆمەتبار دەستنیشانکرا و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری دەستگیرکران و کاتێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، بەڕاشکاوی دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری یەکەمدا ڕێککەوتنیان هەبووە بۆ کڕینی ئەو ماددە هۆشبەرانەی كە لەلایەن ئەوەوە دەهێنرێتە ناو عێراقەوە.
ئاشكراشیكرد: لێدوانەكانیان لەڕووی دادوەرییەوە پشتڕاستکراونەتەوە و ڕەوانەی دەسەڵاتە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەیان وەربگرن.