بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە ئاشكرایكرد: لە میانی سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ لەندەن، دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق لە لیستی سوورەوە بۆ لیستی پرتەقاڵی بەرزكرایەوە.
عیدانی، كە یاوەری شاندەكەی عێراق بوو بۆ بەریتانیا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ بەریتانیا، بووە هۆی گۆڕینی هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان لە عێراق لە لیستی سوورەوە بۆ لیستی پرتەقاڵی لەڕووی ژینگەی وەبەرهێنانەوە، و ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە و ئەگەری ئەوە هەیە كە ئێمە بەرەو زەرد دەڕۆین.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بازرگانانەی یاوەری سەرۆك وەزیران بوون لە سەردانەكەدا پێشوازییان لە هەڵسەنگاندنە نوێیەكە كردووە، كە دەكرێت لە كاتێكی دواتردا بگۆڕێت بۆ زەرد.
ئاشكراشیكرد: زۆرێك لە بازرگانانی بەریتانیا لە چەند بوارێكدا ڕێككەوتنیان لەگەڵ لایەنی عێراقی كردووە، لەوانەش پەروەردە و زانكۆ، ژمارەیەك لە بازرگانانی بەریتانیاش لەگەڵ هاوتا عێراقییەكانیان ڕێككەوتوون لەسەر دامەزراندنی كارگەی هاوبەش.
وتیشی: ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئەنجامدا، و زۆر بابەتی پەیوەست بە ئاسایش تاوتوێ كران، بەتایبەتی فایلی ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆی عێراق و بەریتانیا.
راشیگەیاند: كۆبوونەوەیەكی دارایی هەبوو،و ڕێككەوتنێكیش لە نێوان بانكی بازرگانی عێراق و دامەزراوە داراییەكانی بەریتانیا واژۆ كرا، هەروەها كۆبوونەوەیەكی دارایی هەیە كە سەرۆك وەزیران ئامادەی دەكات كە دەكرێت تاوتوێی پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەتی عێراق لە لایەن دامەزراوە داراییەكانی بەریتانیاوە بكرێت، بەتایبەتی دوای بەرزكردنەوەی هەڵسەنگاندنی مەترسی لە سوورەوە بۆ پرتەقاڵی.