بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوە، پێزانینی عێراقی بۆ ڕۆڵی شانشینی یەكگرتوو لە پشتیوانیكردن لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان ڕاگەیاند.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەو كۆمۆنوێلت و گەشەپێدانی بەریتانیا هامیش فالكۆنەر، لە بارەگای وەزارەتەكە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆبوونەوەكە لە پەراوێزی سەردانی شاندی سەرۆك وەزیران بۆ لەندەن بوو، لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەیەكی فەرمی حكومەتی بەریتانیا، و لە چوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و گفتوگۆكردن لەسەر بابەتەكانی بەرژەوەندی هاوبەش.
رونیشیكردەوە: لە میانەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاریكاریی دووقۆڵی كرد لەبوارەكانی سیاسی، ئابووری، و ڕۆشنبیری، ئەوە جگە لە تاوتوێكردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كە كاریگەرییان لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی گفتوگۆی بەردەوام و هاوبەش كردەوە بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە وەزیری دەرەوە، پێزانینی عێراقی بۆ ڕۆڵی شانشینی یەكگرتوو لە پاڵپشتیكردنی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەربڕی،و ستایشی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كرد.
لای خۆیەوە فالكۆنەر، جەختی لە پابەندبوونی شانشینی یەكگرتوو بە بەهێزكردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە ناوچەكە كردەوە، و تەئكیدی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان كردەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: هەردولا تەئكیدیانكردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندییە بنیاتنەرەكان و كاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.