هەولێر - INA
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تایلۆر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیانراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەیەكدا، پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد، هەروەها دەربارەی گۆڕانكارییەكانی سووریا بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر - بەغدا بەپێی دەستوور و یاسا و ڕێككەوتنەكان، هەروەها جەختیان لە پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە و تێوەنەگلانی عێراق لە ئاڵۆزی و پشێوییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە.