بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە ئۆفەری كۆمپانیای بی ئەی ئی سیستم كرد بۆ كردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنانی چەك لە عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە لەندەن، پێشوازی لە شاندێكی كۆمپانیای بی ئەی ئی سیستم (BAE Systems) كرد، بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە چارڵز وودبێرن.
بە گوێرەی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە سروشتی كارەكانی كۆمپانیاكە كرا، كە تایبەتە بە جۆرەها پیشەسازی سەربازی، جگە لە بەرهەمهێنانی تەكنەلۆجیای ئاسایشی ئەلیكترۆنی و سیستەمی ئەلیكترۆنی، بەتایبەتی كە حكومەت ئارەزووی پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەكانە بە نوێترین چەك، لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە .
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە میانەی كۆبوونەوەكەدا لایەنە ئەگەرییەكانی هاریكاری لەگەڵ عێراق تاوتوێ كرا، و هاوكات سودانی پێشوازی لەو ئۆفەرە كرد كە لەلایەن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە بۆ كردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنانی چەك بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی پیشەسازیی سەربازی لە عێراق خرایەروو، هەروەها بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی، بە تایبەتی كە یاسای دەستە یارمەتیدەرە بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییە تایبەتمەندەكان، و فراوانكردنی هاوكاری تەكنەلۆژی لەگەڵیان.