بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارچەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، رایگەیاند: عێراق بەرەو پەرەپێدانی پیشەسازی نەوتی و فراوانكردنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بەرهەمە وەرگیراوەكانی هەنگاو دەنێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە لەندەنی پایتەخت، پێشوازی لە كۆمەڵێك گەورە سەرنوسەری ڕۆژنامە عەرەبییەكان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی و بیانی كرد.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سودانی ئاماژەی كرد: بە سەردانە فەرمیەكەی بۆ بەریتانیا و دیدارەكانی لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كیەر ستارمەر، هەروەها باسی لە گرنگی و قەبارەی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدانانەی كرد كە لەم سەردانەدا ئەنجامدراون ، و ڕێككەوتنە دووقۆڵییەكەش دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندكردنی.
هەروەها سەرۆك وەزیران، باسی لە دۆخی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق كرد سەرەڕای ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی لە ناوچەكەدا بەدی دەكرێت، هەروەها ئاماژەیكرد: بە سەركەوتنی حكومەت لە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێكانی ناوچەكە، لەگەڵ پارێزگاری لە هەڵوێستی پرەنسیپی خۆی سەبارەت بە دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و لوبنان.
هەروەك سودانی، بە شێوەیەكی شەفاف باسی لە ڕێبازی حكومەتی عێراق و دیدگای سیاسی خۆی بۆ دۆخی ناوخۆی عێراق و هەنگاوەكانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەدا كرد و جەختی لە پاڵپشتی عێراق بۆ گەلی سوریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و تەحەددیاتەكاندا كردەوە.
هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران باسی لە هەنگاوەكانی حكومەت لە بواری یەكخستنی ئابووریدا كرد،و ئاماژەیكرد: بە بەردەوامی پێكەوەبەستنەوەی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، و دامەزراندنی وێستگە پەیوەندیدارەكان، جگە لە هاوكاریكردن لە بوارەكانی پەرەپێدانی خانووبەرە، و دروستكردنی شارە نوێیەكان ، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی گەشەپێدان كە لەلایەن بەرنامەی حكومەتەوە پلانی بۆ دانرابوو و پڕۆژەی ستراتیژی و دروستكردنی گواستنەوەیەك لە ژێرخان كە گەشەپێدانی بەردەوام پشتی پێدەبەستێت.
هاوكات سودانی تەئكیدیكردەوە: كە واژۆكردنی گرێبەستەكەی نێوان عێراق و كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم گەورەترین گرێبەستە لە ناوچەكەدا، جەختیشی: لە هەنگاوی عێراق كردەوە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوتی خۆی، و فراوانكردنی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی وەرگیراوەكانی نەوت، وەبەرهێنان لە كێڵگەكانی كەركوك، و گەیشتن بە وەبەرهێنانی تەواو لە غازی هاوەڵ.
لە بەرامبەردا میدیاكارانی عەرەبی و بیانی، تیشكیان خستەسەر، بارودۆخی ناوچەكە، ڕێگاكانی پەیوەندی دیپلۆماسی عێراق لەگەڵ وڵاتانی كاریگەری ناوچەكە و جیهان، هەڵوێستەكان سەبارەت بە قەیرانەكانی ناوچەكە، ئەو پەیوەندییە ئابوریانەی كە عێراق دەیخوازێت و هەنگاوەكانی یەكگرتنی ئابووری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان، هەروەها ئاراستەی عێراق بەرەو پەیوەندیە ستراتیژییەكانی لەگەڵ وڵاتە گەورەكانی پێشكەوتووی ئابووری، لەوانەش بەریتانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.