سەرۆک وەزیران: قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و دەرەکی لە عێراق لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتە 63 ملیار دۆلار

سیاسی
  • اليوم, 11:37
  • +A -A

    بەغداد ـ INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاند: پەیوەندی نێوان عێراق و بەریتانیا لە ماوەی ساڵی 2024دا شاهیدی پڕۆژەی ڕاستەقینە بووە بە بەهای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار،و وتیشی: قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی لە عێراق لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتووەتە 63 ملیار دۆلار .
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ناردوە دەڵێت: سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە نوێنەری 24 کۆمپانیای گەورەی بەریتانی لە کەرت و چالاکییە جیاجیاکان کرد، جگە لە ژمارەیەک بازرگان، لە پەراوێزی سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، و ئاماژەی بەوەشدا: سودانی لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە کارەکانی کۆمپانیا بەریتانیاییەکان کرد لە عێراق.
    بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە: ژینگەی وەبەرهێنان و فەزای بازرگانی کراوە و سەرنجڕاکێش بووە بۆ جۆرە جیاوازەکانی چالاکییەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان، و ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو کۆبوونەوەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ لایەنی بەریتانیا واژۆکراون پێویستیان بە وەرگێڕان هەیە بۆ کردار و هەنگاوەکان، و کە گرنگترین بەش ئێستا دەکەوێتە سەر کۆمپانیاکان.
    سودانی ڕوونیشیکردەوە: ئێمە چاکسازی ڕاستەقینەمان لە عێراق ئەنجامداوە، هەروەها ئاسانکاری و ڕێکارەکانی پاڵپشتی ڕاستەقینەمان بۆ کەرتی تایبەت داناوە، هەروەها چاکسازیمان لە واقیعی باج و گومرگی و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و سەرجەم ڕەزامەندییەکانی پەیوەست بە کەرتی تایبەت جێبەجێکردووە بۆ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، و وتیشی: بۆ یەکەمجارە، ئێمە گەرەنتی سەروەرمان پێشکەش بە کەرتی تایبەت کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان كە ئەمڕۆ لەگەڵ UKEF واژۆمان کرد سەبارەت بەم هەنگاوە.
    راشیگەیاند: هەنگاوەکانمان ئامانجیان دروستکردنی بنەمایەكی پیشەسازی نیشتمانییە، هەروەها بوونی کۆمپانیا بەریتانیەکان لەگەڵ کەرتی تایبەت دەرفەتی ڕاستەقینە دەخوڵقێنێت، جگە لە پەرۆشیمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و دارایی، و هەموو گواستنەوەی داراییمان لە ڕێگەی سیستەمی گواستنەوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، و لەلایەن کۆمپانیا تایبەتمەندەکانەوە وردبینییان لەسەر دەکرێت، و وتیشی: عێراق بودجەی سێ ساڵەی هەیە (2023-2024-2025)، و 100 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی وەبەرهێنان بۆ وەزارەت و پارێزگاكان تەرخانکردوە.
    دووپاتیشیكردەوە: پەیوەندی نێوان عێراق و بەریتانیا شاهیدی پڕۆژەی ڕاستەقینە بوو بە بەهای یەک ملیار و نیو دۆلار لە ماوەی ساڵی 2024، لە کەرتی گشتی و تایبەت، و ئەوەی کە بەریتانیا هاوبەشێکی ستراتیژییە بۆ عێراق، داوای لە کۆمپانیاکانی بەریتانیا کرد بەشداری بکەن لە بنیاتنانی عێراق و گەیشتن بە گەشەسەندنی خوازراو، بەو پێیەی قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی لە عێراق لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتە 63 ملیار دۆلار.
    سودانی ئاشكراشیكرد: پڕۆژەیەکی گەورەمان لەگەڵ کۆمپانیای ڤۆدافۆن هەیە، وەفدی کۆمپانیاکەش لە کورتەیەک لە واقیعی سەرجەم بەشەکانی عێراق ئاگادارکرایەوە، و ئەو کارەش بەردەوامە لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، هەروەها بەندەری فاو شارێکی ئابوورییە کە نوێترین و گەورەترینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە پڕۆژەکانی غازی هاوەڵ لە زۆربەی كێڵگەكان و دەرفەتەکان لە پیشەسازی پترۆکیمیایی هەیە، و وتیشی: ئێمە پڕۆژەیەکی سەکۆی جێگیرمان هەیە بۆ هاوردەکردنی غاز کە لەلایەن حکومەتەوە پارەدار دەکرێت، و هەروەها پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ هەناردەکردنی غازی شل.
    جەختیشکردەوە: دەرفەتی گەورە لە شارە نوێیەکانی نیشتەجێبووندا لەبەردەستدایە، هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دەرچووە، هەروەها پێویستییەکی زۆر بە کارگە لە کەرتی کەرەستەی بیناسازیدا هەی، و وتیشی: 30%ی هاوردەکردن بۆ بیناسازی و کەرەستەی بیناسازی بووە، بەهۆی جوڵەی ئاوەدانكردنەوەوە.