بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، جەختی لە گرنگی ڕۆڵی هۆزەكان لە پشتیوانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری یاسا و دامەزراندنی بناغەكانی ئاسایش و سەقامگیری كردەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای واست، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ هەینی لە هۆڵی ئیدارەی خۆجێیەتی پارێزگاكە، لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی واست كۆبووەوە .
لەدیدارەكەدا سەرۆك كۆمار ووتەیەكی پێشكەش كرد كە تیایدا جەختی لە ڕۆڵی گرنگی هۆزەكان لە پشتیوانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا و پتەوكردنی بناغەكانی ئاسایش و سەقامگیری كردەوە.
هەروەها سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد: بەگرنگی بەرزكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی بەهاكانی پابەندبوون بە یاسا و بەشداریكردن لە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگە، و جەختیكردەوە: لەبەها ئەخلاقی و كلتووری و ئایینییەكان كە یارمەتیدەرن لە بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵی، بەم شێوەیە هاوكار دەبێت لە گەیشتن بە گەشەپێدانێكی هەمەلایەن لە پارێزگای واستی ئازیز و لە هەموو شارەكانی عێراق.
هاوكات لەوتەیەكدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای واست عەلی حسێن سلیمون، بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماری كرد و سەردانەكەی بۆ شارەكەیان بەبۆنەیەكی گرنگ ناوبرد و پاڵپشتی سەرۆك كۆماری بۆ حكومەتە خۆجێیەكان لە پارێزگا جیاوازەكانی عێراق و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ هەموو گەلی عێراق بەرز نرخاند.
لەبەرامبەردا ئەمیری هۆزەكانی زوبەیدی عەرەبی، شێخ مەعد مەزهەر سەمەرمەد، خۆشحاڵی و شانازیی ڕۆڵەكانی واستی بە بەشداریكردنی سەرۆك كۆمار لەخۆشی و ئاهەنگەكانیاندا بەرزنرخاند، هاوكات جەختی لەپشتگیری هۆزەكان بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق كردەوە و ئاماژەی بە پەرۆشیان كرد بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كەدەدرێن بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكە و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە هەموو بوارەكاندا.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆك كۆمارە:
جێگەی شانازییە سەردانی ئەم پارێزگایە دەكەم، كەلەدڵی هەموو عێراقیەكاندا خۆشەویستە، و چاوم بەنوخبەیەكی خەڵكە بەڕێزەكەی دەكەوێت لەوانە پێاوماقوڵی هۆزەكان و كەسایەتییە بەڕێزەكانی.
ئەمڕۆ لە شارێكی بەخشندە كۆدەبینەوە كە كاریگەری لەسەر مێژووی عێراق هەیە و ڕۆڵەكانی و پێاوماقوڵی هۆزەكانی ڕۆڵێكی بەرچاویان بینیوە لەقۆناغە جۆراوجۆرەكانی مێژوودا و شانبەشانی تەواوی هاونیشتمانیانی وڵات بەشدارییەكی چالاكانەیان كردووە لەڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی مێژووی هاوچەرخدا.
لەلای هەمووان ئاشكرایە كە هۆزەكانی عێراق دەتوانن ڕۆڵێكی گەورە بگێڕن لەپاڵپشتیكردنی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری یاسا و دامەزراندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها پێویستە ڕۆڵی هۆزەكان و قوربانییەكانیان وەبیر بهێنرێتەوە كەشارەكانی عێراق و ئەم پارێزگا بەڕێزەیش ڕۆڵەكانیان لەپێناو نیشتمان و بەرگری لە خاكەكەی كردە قوربانی بەتایبەتی لەكاتی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بۆ سەر وڵات.
هەروەها جەخت لەگرنگی ڕۆڵی هۆزە بەڕێزەكانمان دەكەینەوە لە پتەوكردنی پێكەوەژیانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، لەكاتێكدا بەپەرۆش و بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ كۆنفرانس و كۆڕبەندی هۆزەكان دەكەین، كەدەستپێشخەری ئەرێنی لەخۆ دەگرێت و یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانی لەنێوان گەل و پاراستنی مافەكانی هاووڵاتیان. ئەمە بەڵێنی ئێمەیە بۆ ئێوە، هۆزەكانمان، براكانمان و ڕۆلەكانمان.
ئامادەبوانی بەڕێز
پێویستە هەموومان پێكەوە كار بكەین لەپێناو پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات وپاراستن وفەرامۆش نەكردنی دەستكەوتە نیشتمانییەكان و خواستەكانی هاووڵاتیان لەدابینكردنی خزمەتگوزاری و باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان و دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەش و خۆشگوزەران بۆ ڕۆڵە و نەوەكانی داهاتوو لەڕێگەی پشتیوانیكردن و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی فێركردن لە كۆمەڵگەدا و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان و پلانی ستراتیژی بەشێوەیەك كەیارمەتیدەر بێت بۆ باشتركردنی واقیعی فێركردن و كلتووری و مەعریفی لەوڵاتدا.
تەئكید لە گرنگی ڕۆڵی ئێوە دەكەینەوە لەبرەودان بە هۆشیاری كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی بەهاكانی پاراستن و پابەندبوون بە یاسا و بەهێزكردنی ئاسایشی كۆمەڵگە و هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی وەك دیاردەیەك كە دەتوانرێت بنبڕ بكرێت لەڕێگەی هۆشیاری كۆمەڵگەوە و جەختكردنەوە لەبەها ئەخلاقی و كلتووری و ئایینییەكان كەیارمەتیدەرن لەبە رەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕۆڵی ئێوە لەپاڵپشتیكردنی بەرنامەی حكومەت لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەهەموو بوارەكاندا یارمەتیدەرە لەبەهێزكردنی بوارەكانی ئابووری و خزمەتگوزاری بەجۆرێك كە هاوكار بێت لەبەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر لەپارێزگاكەتان و لە شارەكانی عێراقدا بەگشتی.
كارەساتی ماددە هۆشبەرەكان لەسەر كۆمەڵگەكەمان هەڕەشەیەكی جددیە بۆ سەر ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بەتایبەتی گەنجان، بۆیە پێویستە هەوڵەكانمان و هەوڵی هۆزە بەڕێزەكانیش یەكبخەین بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرگریكردنی كۆمەڵگەكەمان لەو مەترسیانە.
سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئامادەبووانی بەڕێز دووپات دەكەمەوە و خۆشحاڵی خۆم دەردەبڕم بە دیدارتان و سەردانی ئەم شارە بەڕێزە كەشایەنی هەموو سەرنجی ئێمەیە و جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەرگاكانی سەرۆكایەتی كۆمار كراوەیە بەڕووی ئێوە و هەموو عێراقییەكاندا بۆ ئەوەی گوێتان لێ بگرن و پشتیوانیتان بكەن و كێشەكانتان چارەسەر بكەن كە ڕووبەڕووتان دەبنەوە .